جۆرەکانی دژیەکی بیروڕا لە نێو ڕیزی ڕیکخراوەکاندا

20:07 - 22 رێبەندان 2715
Unknown Author
عومەر ئیزەدخا

بەشێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێن بۆ ئەوەی باس لە ململانێ بکەین ، دەبێت زیاد لە پێکهێنەرێک هەبێت ، تاوەکو دۆخی ململانێی پێ پێناسە بکەین ، ململانێ دەشێت ناکۆکی نێوان دوو لایەن ، دوو تێڕوانین ، دوو بەرژەوەندی ، دوو خواست ، دوو ئیرادە ، دوو بڕیار دوو ڕێگاچارە ، و ..هتد.د بێت ، ئەم دۆخە پێویستی بەبەرەیەک زیاترە ، بە گشتی کاتێک لە ململانێ دەدوێین ، هەمیشە دوو بەرەمان دێتە پێشچاو کە ناوکۆکن لەسەر بابەتێک ئیدی ئەو بابەتە ماددی بێت یان مەعنەوی ، ململانێ وەک چەمکێک هەڵگری زیاد لە ڕاڤەکردنێکە و دەکرێت پتر لە ڕەهەنێکیشەوە تەماشای بکەین ، ئەگەر قامک بخەینە سەر ڕەگ و ڕیشەکانی ئەم چەمکە ، ئێمە دەبێت بێین بگەڕێینەوە بۆ خەسڵەتە سروشتیەکانی فیطڕەتی ژیانی مرۆڤ ، کە مرۆڤەکان هەر لەسەرەتای مێژووەوە بە جیاوازی و ناکۆکی و ڕای جیاوازەوە دەستیان پێکردوە و مێژووی مرۆڤایەتی بریتیە لە ململانێ کە ئێستاش بەرەنجامی ئەوە دونیا گۆڕانی زۆر بەسەردا هاتووە ، بیرمەندانی وەک کارل مارکس و هاوبیرانی چەرخی خۆی ( ١٨٠٠-١٩٠٠ ز ) ، بنەڕەتی ململانێکانی بۆ ماتڕیاڵیزمی دیالێکتیکی دەگێڕنەوە ، ئەمەش خاڵی وەرگۆڕان و بەرەوپێشچونی کۆمەڵەکانە ، کە هزرمەندانی سەردەمی کۆن وەکو ( ئەرستۆ تاڵیس) پێش زاین ڕایەکی پێچەوانەیان هەیە ، بەهەر حاڵ لە هزری سیاسی سەردەمی نوێش لای زۆربەی بیرمەندانی ئەوەیانی ئەصڵە ، کە لە نێو کۆمەڵەیەکدا یان لە دەوڵەتێکدا بوونی فکرە و بیربۆچونی جیاواز بە تایبەت بەشێوەی ئیجابی و لە سنوری خۆیدا بە خراپ باس نەکراوە ، بۆیە دەبینین کاتێک لە ناو ڕێکخراوێک یان گروپێک یان لە نێو کۆمەڵەیەک یانیش لە نێو پارتێکی ڕامیاریدا هەروەها ئەگەر لەنێو دەوڵەتێکدا پرۆژەی جۆراوجۆر بە پاساوی ئەرێنی جیاواز کە هەموویان لە دەوری خزمەتکردنی ئامانجێکی باڵا کە گروپەکە یان دەوڵەتەکەی لەسەر دامەزرابێ و باشترینیان قبوڵ بکرێ لەسەر بنەمایەکی دێموکراسیانە ، ئەوا دەرەنجامەکەی بەرەوپێشچونی گروپەکە یان دەوڵەتەکەیە بەرەو ئامانجەکانی ، چونکە چارەسەر و پرۆژەی جیاواز هەیە و لەهەمان کاتتدا ڕەخنەی پێویست هەیە بۆ بڕیارە نەرێنیەکان ، لێرەدا گرنگی دێموکراسی دیارە ، بۆیە کە ئێمە باسی بوونی ڕکابەری دەکەین لە نێو ڕێکخراوەکان و بە فروانتر لە دەوڵەتێکدا ئەوا پەیوەستە بە جێبەجێکردنی بنەماکانی دێموکراسی ، لە پێشترینیشیان قبوڵکردنی فرەیی و هەروەها ئازادی بیر و ڕا و هەروەها رێزگرتنی کەمینە و ماف و ئازادیە گشتیەکان و.. ، لە شکڵی دەوڵەتدا ئێران بە نمونە دێموکراسی تێدا نیە و تەنها پرۆژەی ئیسلامیانەی – شیعەیی بەشیک لە کۆمەڵگای ئەو دەوڵەتە کۆنتڕۆڵی سیاسەتی ئەو حکومەتەی کردووە و ئەوانی دیکە ڕەت دەکاتەوە ، ڕوانینێکی فرەییانە لە نێو ڕێکخراو و پارت و دەزگا گشتیەکانی دەوڵەتیشدا بەهەمان شێوە خاڵی بەرەوپێشچونە ، بە تایبەت ئەگەر رێکخراوێکیش بانگەشەی دێموکراسی بکات ، کە ئێستا بە خۆشحاڵیەوە حیزبەکان و رێکخراوە سێنفی و سیاسیەکانی کۆمەڵگای ئێمەش بەشی زۆریان بانگەشەی دێموکراسیەکی ڕاستەقینە دەکەن و لە جێبەجیکردنێکی پراکتیکیشدا جیاوازیان هەیە و لە بەشێکیان ئۆپزسیۆن و دەسەڵات بە دەستەواژەش دەهێنرێ ، لەبەر ئەوە ئێمە دێین جیاوازی دەکەین لە نێوان هەندی چەمک کە پەیوەست بە بابەتەکەمان و دیاریکردنی شیاوترینیان بۆ بەکارهێنان لە کردەوە و چالاکای رێکخراوەیی دا ، بە هەڵەسنگاندنێکی مەنتیقینانە :

ململانێ و ڕکابەری : لە لێکۆڵینەوەی سیستەمە سیاسیەکاندا بەم شێوەیە تەعبیر لەو دوو چەمکە کراوە : ١- ململانێ واتە بوونی دوو ڕای جیاواز و دژ بەیەک ، کە بۆ ئامانجی جیاواز تێ دەکۆشن . ٢- ڕکابەری واتە بوونی ڕای جیاواز و پرۆژەی جیاواز بۆ هێنانەدی ئامانجێک کە هەردوولا ئەو ئامانجە کۆیان دەکاتەوە . ئەگەر چاو لێ کەین دەبینین یەکەمیان زۆر توندە بە جۆرێک کە تێکەڵ دەبێت لەگەڵ حاڵەتی جەنگ یان زۆری لێ نزیک دەبێتەوە ، چونکە بەو پێیە ئەو دوولایەنە تەنانەت ئەگەر لە حیزبێکیشدا بێت ، ئامانجێکی باڵا کۆیان نەکاتەوە ، ئەوا بەدەگمەن چاوەڕێی ئەوە دەکرێ شتێک کۆیان بکاتەوە و بەرەو شەڕ هەنگاو دەنێن و لێک جیاوبوونەوەیان بە قازانجی لایەنی ڕاستەقینەی حیزبەکەیە بەجۆرێک ، لە حاڵەتی دووەمیشدا کە ڕکابەری و ئاستی ناکۆکیەکان بەشێوازێکی هادی و لە چوارچێوەیەکی دیاریکراوی یاساییدایە و لایەنەکان بە گیانێکی یەکتر قبوڵکردنی زیاترەوە پێکەوە تێ دەکۆشن بۆ هێنانەدی ئامانج و ستراتیژیەکانی حیزبەکەیان یان ڕیکخراوەکەیان بە ئامراز و میکانیزمی یاسایی و شیاو ، لەڕاستیدا هەر ئەوەیانە کە دیاردەی ڕەگەکانی دامەزراوەیی دەچەسپێنێ .

اختلاف و خیلاف : وەک زاراوە زیاتر مەسەلەیەکی فیقهی نێو زانایانی ئایینی ئیسلامە لە بواری ڕاڤە ، کە دەکرێ سودی بۆ بابەتەکەشمان لێ ببینین ، چونکە وەک چەمک و مفهوم پەیوەندی دارە ، کە هەر یەکێک لەو دوو چەمکانە پێناسەیەکی جیاوازیان بۆ کراوە . ١- اختیلاف واتە بوونی ڕای جیاواز لەسەر مەسەلەیەک بەشێوەیەکی بنەڕەتی و زۆرجاران بیروبۆچونێکی پێچەوانە هەیە ، بەڵام ٢- خیلاف واتە بوونی ڕای جیاواز لەسەر چۆنیەتی هێنانەدی ئامانجی مەسەلەیەک کە هەردوو ڕا جیاوازەکە کۆکن لەسەر کارێک و بە میکانیزمی جیاواز ، کە ئەوەشیان زۆر نزیکە لە ململانێ و ڕکابەریەکە بۆیە لەسەری ناڕۆیین زیاتر .

جەناح بازی دەستە بازی لە نێو ڕیکخراوەکاندا :

بەو پێیەی هەریەک لە ڕێکخراوە سیاسی و سێنفیەکانی کۆمەڵگای کوردستان بە تایبەت ئەوانەی بانگەشەی دێموکراسی دەکەن و زۆرتر تێیدا قوڵ بونەتەوە ، لە بوونی ڕکابەری و ململانێ و جەناح بازی بەدەر نین ، بەڵام تەنها ناوبردنی خودی دەستەواژەگەلێکی وەک ( جەناح و دەسەتە بازی ) واقعێکی تاڵی مێژوویی هەیە و خۆی لە خۆیدا تەندروست نییە جا چ جای کە بە واقعی هەبێ ، لە جێێ ئەوە باشترە لە پراکتیکدا ڕکابەری هەبێ لە ژێر هەر ناوێکدا بێت ، ئەو چەمکەش دەلالەتە لە بوونی یەکانگیری کۆمەڵێک ئەندامی ڕێبەری ڕێکخراوێکی دیاریکراو لەسەر بنەمایەکی نا بابەتی بەڵکو کاتێ ئەو کۆمەڵە کە دەیانەوێ لوتکەی دەسەڵاتی ئیجرایی ببەنەوە زیاتر لەسەر بنەمایەکی ناوچەیی و یانیش بەرژەوەندی تایبەت و هەروەها خزمایەتی و یان هەر مەسەلەیەکی تری نا پێویست و نا ئاسایی ، ڕاستە بوونی ئۆپزسیۆن گرنگە تەنانەت لە ناو ڕێکخراوێکیشدا یان لە حیزبێکدا ، بەڵام باری تەندروستی ئەوەیە کە هەم ئۆپزسیۆن و دەسەڵات بەدەست لێک نزیکبوونەوەیان بۆ ئەوە بێت کە بەرنامە و پرۆژەی جیاوازیان هەبێت ، ئەگەر ڕیاڵی بین جێبەجێکردنی مەرجی بابەتیش بەتەواوی ئیمکانی زەحمەتە ، بەڵام ئەوە حەقیقتێکە کە تاوەکو ململانێکان ڕکابەری بن و یەکگرتنەکان بابەتی بن بە ڕێژەی بەرز و زیاتر ، دەرەنجام لە قازانجی ئامانجە گرنگەکانی ڕێکخراوەکەیە .

ناوچەگەری :

ناوچەگەری کە لە خانەی دەستەبازیدا ڕوانینمان بۆ کرد ، زیاتر بە حاڵەتێکی نەرێنی چاوی لێ کرا ، هۆی نائاسایی ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕاستیەی کە ئێمە کاتێ باس لە ئەو ڕێکخراوانە دەکەین کە بانگەشەی کار و چالاکی دەکەن لەسەر بنەمای جوگرافیای نەتەوەیەک ، بۆیە کاتێ ڕێکخراوێکی دیاریکراو دەیەوێ سنوری کاری لە تەواوی کۆمەڵگای کوردستاندا بێت و تەنانەت یەکێک لە ئامانجەکانیشی یەکگرتووی ئەو کۆمەڵگایە بێت ، ئاسایی نیە کە ناوچە جۆربەجۆرەکانی لە نێو ڕیزەکانی ڕێکخراوێکی دیاریکراوی هەڵگری ئەو سیفەتەی کە باسمان کرد ، یەکگرتنەکانیان بۆ ئەوە بێت کە ناوچەی خۆیان لە لوتکەی ئیجرایی بێت ، لە حاڵەتی بوونی ئەو دیاردەدا ڕاستە کە جوڵەیەک بە ڕێکخراوەکە دەکەوێت لە بوونی ململانێیەکی توند ، بەڵام زۆر باشترە ئەم جوڵەیە دەرەنجامی ڕکابەرییەکی پێیویست وەک پرۆژە و بەرنامەی جیا بێت .

ململانێ و ڕکابەری و دەستە و جەناح بازی دیاردەیەکن کە لە واقعی ئێستا و ڕابردووی ڕێکخراوە و دەزگاو ئۆرگانیزاسیۆن سیاسی و کۆمەلایەتیە جۆربەجۆرەکاندا بە دیدی دەکرێ ، کاری ڕیکخراوەیی وەک کایەی دونیای مۆدێرن لە نێو تاکەکانی ئەو کۆمەڵگایە لەو دیاردەی کە باس کرا بەدەر نییە ، ئەوەش ڕاستە کە ڕاددەی ئەرینیەتی شێوە و ئاستی ئەو ڕکابەریانە لە نێو ڕیکخراوەکاندا جیاوازی هەیە ، بەجۆرێک لە کۆتادا ڕەنگی داوەتەوە لە سیستەم و پێگەی ڕێکخراوەکان لە ئاستی کۆمەڵگا ، بێگومان لە ڕوانگەی ئەو واقعەوە کارکردن بۆ بردنە پێشێ ی و پاڵپشتی کردنی ڕکابەریەکان کە وەک خاڵیکی ئیجابی سەیری کرا دۆخێکی پێویستە ، هەروەها نەهێشتن و کەمکردنەوەی ململانێکان ، کە دەکرێ دەلالەت بێ لە هەریەکە لە ( ململانێ – اختلاف – دەستەبازی و تاقمەگەری لەسەر بنەمای نا مەوزوعی ناوچەگیری ..) ، وەک باسمان کرد کە ململانێ ئەو چەمکەیە کە ئاماژە دەکات بۆ بوونی ناکۆکی و دژیەک کە لە ڕەگ و ڕیشەوەیە و ئامانجەکانیش دوورن لە یەکتریەوە و لە هەر کاتێکدا بێت هۆکارێکە بۆ دیاردەیەکی مەترسیدار ئەویش ( انشقاق – انشعاب ) ە ، ئەویش لە دوو شکڵدا خۆی دەبینێتەوە ، انشعابێک کە بە عەلەنی هێشتا ڕووی نەدابێ و لەدەرەنجامی ئەو ململانێ توندەی کەهەیە ڕێکخراوەکە زیاتر بە کێشەکانی نێوخۆیەوە خەریک دەبێت تا بە کێشە دەرەکیەکان ، هەروەها ڕیکخراوەکە ئەوەندەی سەرقاڵ دەبێت بە کاروبارەکانی پەیوەست بە نێوخۆی ڕیکخراوەکە ، ئەوەندە پەیوەست نابێت بە وەدیهێنانی ئامانجە بنەڕەتیەکانی ڕیکخراوەکە کە ڕەنگە پێشوتر ریکخراوەکە بۆ هێنانەدەی ئەو ئامانجانە دامەزرابێ و خەباتی کردبێت و قوربانی زۆری دابێت کە ئەم جۆرەیان مەترسیدار ترە لە انشعاب بە ( انشعاب )ناوی دەبەم لە کاتێکدا ئەگەر ماوەیەکی زۆر ڕێکخراوێکی دیاریکراو ئەو دیاردەی تێدابێ بە مەرجی ڕوونەدانی انشعابی عەلەنی ، جۆری دووەم لە انشعاب کە من باسی لێ وەدەکەم ، ئەویش انشاعبێکە کە بە ئاشکرا دەستەیەک تاقمێک لە ڕێبەری ڕێکخراوێکی دیاریکراو دێن جیابوونەوەی خۆیان ڕادەگەیەنن و ناو و ناوەرۆکێکی تازە هەڵدەگرن و ئەو بەرنامەیەی کە پێشوتر بەهۆیەوە جەناحەکەیانی پێ دەناسرایەوە و جەناحەکەیانی پێ دروستبووە ، لانی کەم هەڵگری ئەو بەرنامەیە دەبێت ، بەدەر لەوەش کاتێ پێچەوانەی ئەوە دەبێت ، کەواتە سەبەبی جیابوونەوەکە دیارە هۆکاری بابەتی و بەرنامە و یان بابڵێن هزری نابێت و سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە.

ناوەرۆکی ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لێی بەرپرسیار نییە.