جۆرە باڵندەیەکی نوێ لە لیستی باڵندەکانی کوردستاندا تۆمار کرا

14:10 - 12 خەرمانان 2716
ئاژانسی کوردپا: جۆرە باڵندەیەکی نوێ بە ناوی \"سسک باغی\" لە شاری مەریوان لەلایەن تیمی بەدواچوونی جۆری باڵندەکان، دۆزرایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، تیمێکی بەدواچوونی جۆری باڵندەکان لە زرێبار، لقی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان، کە هەوڵی دۆزینەوەی باڵندە نوێیەکان لە پارێزگا و شاری مەریوان دەدات، جۆرە باڵندەیەکی نوێیان دۆزییەوە.

ئەو تیمە لەم وەرزەدا، هەوڵی دۆزینەوە و وێنەگرتنی باڵندەی نێو دارستانەکان دەدەن. ڕۆژی ٦ی خەرمانان، دوو کەس لە ئەندامانی ئەو تیمە، لە نێو دارستانەکانی مەریوان باڵندەیەکی نوێیان بە ناوی سسک باغی دۆزییەوە کە پێشتر لە نێو پەلەوەر و باڵندەکانی ئەو شارەدا نەبووە.

ئەو باڵندەیە لەلایەن کارناسانی باڵندە ناسییەوە بە ناوی سسک باغی ناسێنرا و لە لیستی کومیتەی تۆماری باڵندەکاندا تۆمار کرا.

هەروەها ئەو تیمە لە مانگی ڕابردوودا، توانی جۆڕێکی دیکە لە باڵندە لە بنەماڵەی هەڵۆکان بە ناوی \"عقاب پرپا\"، لەلیستی باڵندەکانی پارێزگای کوردستاندا تۆمار بکات.

باڵندەی سسک باغی، ١٤ سم درێژەی هەیە و ڕەنگی قاوەیی_خۆڵەمێشییە.