جووتیارێکی مەریوانی بە تەقینەوەی مین لاقێکی قرتا

21:39 - 27 خاکەلێوه 2719
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی هاتنی سێڵاو و دەرکەوتنی مینە بە جێماوەکان، جووتیارێک خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری مەریوان، بە هۆیی تەقینەوەی مینێک، لاقێکی لە دەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ سێشەممە ٢٧ی خاکەلێوە، جووتیارێکی تەمەن ٥٣ ساڵ بە ناوی \"محەممەد ئیمانورد\" کوڕی ڕەحیم خەڵکی گوندی \"ئاسناوا\"ی شاری مەریوان، تووشی ڕوودای تەقینەوەی مین، بوو.

ئەو ڕووداوە کاتژمێر ١٢ ئەمڕۆ ڕوویداوە و ئەو جووتیارە کوردە، لاقێکی لەو ڕووداوە، لە دەست داوە.

محەممەد ئیمانورد، هەنووکە لە نەخۆشخانەی فەجری شاری مەریوان لە ژێر چاوەدێری پزیشکی دایە.

بە هۆی بارینی بارانەکان هاووڵاتییانی کورد لە شارەکانی مەریوان، مەلەکشاهی، دێلۆران، گێڵانغەرب، ئیلام و مێهران شایەتی ئەوە بوونە کە باران مینە بەجێماوەکانی سەردەمی شەڕی لەگەڵ خۆی هێناوە.

بەپێی لێکۆڵینەوە فەرمییەکان، ئێران دووهەمین وڵاتی ئاڵوودە بە مین لە ئاستی دنیا دایە. ٤ میلیۆن و ٢٠٠ هەزار هێکتار لە ئێراندا ئاڵوودە بە مینه کە ١٦ میلیۆن مین مەزندە کراوە.