تەلێسمی زیندانی سلێمان لە شاری تیکاب بە دەست کچە کوردێک شکا

14:52 - 25 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: کچە شاخەوانێکی کورد، خەڵکی ناوچەی تیکاب، توانی بچێتە ناو ئەشکەوتی مێژووییی زیندانی سلێمان.

\"سارا قاسملوو\"، کچە شاخەوانی کوردی خەڵکی شاری تیکاب، یەکەم ژن بوو توانی بچێتە نێو ئەو شاخە کە قووڵاییەکەی ١٠٥ مێترە.

سارای تەمەن ٢٣ ساڵ، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی حکوومەتی \"ئیرنا\" ڕایگەیاند: بۆ چوونەنێو زیندانی سلێمان تەنیا ١٠ خولەکی خایاند، بەڵام لە کاتی هاتنەدەرەوە، بە هۆی بۆنی گاز و گۆگرد، نزیک ٤٠ خولەکی کێشا.

بەرزایی ئەم کێوە لە ئاستی زەوی لە نێوان ٩٧ هەتا ١٠٥ مێترە.

سارا قاسملوو کچە وەرزشوانی تیکابی، لە ساڵی ٩٥ی هەتاوییەوە، لە بەشی شاخەوانی چالاکی دەکات.

شاخی زیندانی سلێمان کە لە سێ کیلۆمێتری ڕۆژئاوای تەختی سلێمان هەڵکەوتووە، لە ١٤ی پووشپەڕی ساڵی ٨٢ی هەتاوییەوە، وەکوو میراتی جیهانی لە لایەن یوونسکۆوە تۆمار کراوە.