تەقەی هێزەکانی سپا کاسبکارێکی ڕەوانەی نەخۆشخانە کرد

10:53 - 11 رەزبەر 2719

ئاژانسی کوردپا: کاسبکارێکی کوردی خەڵکی شاری سەردەشت، بە تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران، بەسەختی بریندار بوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە، ٩ی ڕەزبەر، ژمارەیەک لە کاسبکارانی کورد لە سنووری شاری سەردەشت، کرانە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسداران و لە ئەنجامی ئەو تەقەکردنەدا، کاسبکارێک بە ناوی "قادر محەممەدزادە"، خەڵکی گوندی "توێژەڵـ"ـی شاری سەردەشت، بریندار بوو.

ئەو کاسبکارە کوردە لەو ڕووداوەدا لاقی پێکراوە.

"قادر محەممەدزادە"، بەهۆی قورسیی برینەکەیەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری ورمێ کراوە و ناوبراو خێزاندار و خاوەنی چوار منداڵە.

لەو پەیوەندییەدا،  ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە، ٩ی ڕەزبەر، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "عەزیز ڕەئیسی"، کوڕی "مەناف"، خەڵکی گوندی "گرکـ"ـی ناوچەی مەڕگەوەری ورمێ، لە بەرزاییەکانی کێلەشینی شاری شنۆدا، گیانی لەدەست دا.