تەقەی هێزەکانی سپا، برینداربوونی کۆڵبەرێکی کوردی لێکەوتەوە

11:40 - 31 خەرمانان 2719

ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی شاری پیرانشار، بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسداران، بەسەختی بریندار کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی، ٢٩ی خەرمانان، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد لە سنووری شاری پیرانشار، لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە دەسڕێژییان لێکرا و لە ئاکامی ئەو دەسڕێژییەدا، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "مەجید خالیدزادە"، تەمەن ٢٨ ساڵ، کوڕی "عەبدولسەلام"، بەسەختی بریندار بوو.

ئەو کۆڵبەرانە، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە، تەقەیان لێکرا و "مەجید خالیدزادە"، بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندی دەرمانیی ورمێ کراوە.

پزیشکانی ئەو نەخۆشخانەیە، باری تەندروستیی ئەو کۆڵبەرە کوردەیان نالەبار ڕاگەیاندووە.

هەروەها، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، ٢٧ی خەرمانان، لاوێکی کورد بە ناوی "خدر بیلوکە"، کوڕی "عەلی"، بە تەقەی هێزە نیزامییەکان، لە سنووری شاری سەردەشتدا پێکرا.