تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت، گیانی کۆڵبەرێکی ئەستاند

14:32 - 24 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە سنووری شاری بانەدا، کۆڵبەرێکی دیکەی کورد، گیانی لەدەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٣ی جۆزەردان، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"محەمەد حوسێنزادە\"، کوڕی عوسمان، خەڵکی گوندی \"زەڵێـ\"ی شاری بانە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، گیانی لەدەست دا.

ئەم کۆڵبەرە کوردە، بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانی، ڕووی لە ناوچە سنوورییەکانی شاری بانە کردبوو، کە لە لایەن هێزەکانی نیزامیی حکوومەت، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو، تەقەی لێکرا و گیانی لەدەست دا.

ئەم کۆڵبەرە کوردە، وەکوو زۆربەی ئەو کۆڵبەرانەی کە دەبنە قوربانی، خێزاندار و باوکی دوو منداڵە.

لەم پەیوەندییەدا، ڕۆژی هەینی، ١٧ی جۆزەردان، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"دانیال عەزیزی\"، خەڵکی ڕەبەتی سەردەشت، به هۆی تەقینەوەی مین، لاقێکی لەدەست دا.

کۆڵبەر بە کەسانێک دەوترێت کە لە ڕووی ناچاری، نەبوونی هەلی کار و دۆخی خراپی ئابووری، لە ناوچە سنوورییەکاندا، ڕوو لە پیشەی مەترسیداری کۆڵبەری دەکەن.

کۆڵبەران سەرەڕای تەقە لێکردنیان لە لایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە، لەگەڵ رووداوە سروشتییەکانی وەکوو ڕنوو و جەڵتەی دڵ و... بەڕەوڕوون.