تەقەی هێزە نیزامییەکان لە کۆڵبەرانی کورد سێ کوژراو و برینداری لێکەوتەوە

15:52 - 14 خەرمانان 2716
ئاژانسی کوردپا: تەقەی ‌هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە سنووری ورمێ لە کۆڵبەرانی کورد، سێ کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.

بەپێی هەوڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران جێگر لە پایگای سنووریی ناوچەی مەرگەوەڕی پارێزگای ورمێ لە کۆڵبەرانی کورد، دوو کۆڵبەر کوژران یەکێکی دیکەش بە سەختی بریندار بوو.

\"30748.jpg\"
سەیاد میرخانپوور
ئەو ڕووداوە سەر لە ئێوارەی ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٣ی خەرمانان، لە بەرزاییەکانی \"داڵانپەڕ\" ڕوویداوە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری ورمێ ڕاگەیاند: ئەو کۆڵبەرانە بۆ دابین کردنی بژیوی ژیانیان، ڕوویان لە پیشەی کۆڵبەری لە ناوچە سنوورییەکان کردبوو.

\"\"بەپێی ئەو سەرچاوەیە، هێزە نیزامییەکان بەبێ ئاگادار کردنەوە ئەو کۆڵبەرانەیان داوتەبەر دەستڕیژ و تەقەیان لێکردوون.

هەواڵنیری کوردپا شوناسی ئەو دوو کۆڵبەر کوژراوە بە ناوەکانی \"فەیسل وەفایی و دەرویش فەقێ پوور\" خەڵکی گوندی \"سوسەن ئاوا\"ی ناوچەی مەرگەوەڕ ڕاگەیاندووە.

\"\" هەروەها شوناسی کۆڵبەر بریندارەکەش بە ناوی سەیاد میرخانپوور خەڵکی گوندی \"براسپ\" ڕاگەیاند.

هەروەها، چەند ڕۆژ پێش، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە بەرزاییەکانی \"داڵانپەڕ\" لە کۆڵبەرانی کورد، لەزگین شەعبانی خەڵکی گوندی \"کۆڵەبی\" لە ناوچەی مەرگەوەری ورمێ گیانی لە دەستدا و دوو کۆڵبەری دیکە بە ناوەکانی ئەمین و بابەک شەعبانی بە سەختی بریندار بوون.

بەرپرسانی نیزامی و حکوومەتی لە ناوچەی مەرگەوەری ورمێ پێش لە سکاڵای بنەماڵەی کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"لەزگین شەعبانی\" دەگرن.

پێشتر ساڵح نیک بەخت، پارێزەری ناسراوی کورد لە وتوێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا گوتبووی: لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، تەواوی حاڵەتەکانی کوژرانی کۆڵبەران بە شێوەی ئەنقەست بووە و ئەنجامدەرانی ئەو کردەوەیە لە بەدواچوونی یاسایی پارێزراون.
\"30744.jpg\"

\"30745.jpg\"