تەقەی ‌هێزە نیزامییەکان لە شاری بانە بوو بە هۆی برینداربوونی کۆڵبەرێکی کورد

21:38 - 19 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی شاری بانە بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان بریندار بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی بەفرانبار، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"حەسەن ڕەسووڵی\" تەمەن ٤٠ ساڵ خەڵکی شاری بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی ‌هێزە نیزامییەکان لە سنووری \"چەمپارە\"ی ئەو شارە بریندار کرا.

هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی بەبێ ئاگادار کردنەوەی پێشوو تەقەیان لەو کاسبکارە کوردە کردووە و ئەو کۆڵبەرە کوردە بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی ناوەندی دەرمانی کراوە.

ئەو کۆڵبەرە کوردە خێزاندار و باوکی دوو منداڵە.

لەو پەیوەندییەدا، شەوی شەممە ١٥ی بەفرانبار، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"یوسف (زانیار) محەممەدی ئەسڵ\" خەڵکی پیرانشار لە شاخە سنوورییەکانی ئەم شارە بە هۆی ڕەق‌بردوویی گیانی لە دەست دا.

ئەو کۆڵبەرە کوردە لە کاتی کۆڵبەری لە شاخەکانی \"کانی خودا\" تووشی ئەم ڕووداوە بووە و تەرمی ناوبراو بۆ نەخۆشخانەی پیرانشار ڕاگوێزراوە.