تەقەی ‌‌سپای پاسداران، دوو کۆڵبەری ڕەوانەی نەخۆشخانە کرد

14:34 - 18 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: دەسڕێژیی سپای پاسداران لە کۆڵبەرانی کورد بەردەوامە و لەم پەیوەندییەدا، دوو کۆڵبەری کورد بە تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران پێکران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی ڕابردوو، ١٧ی پووشپەڕ، کاتژمێر ١١ و نیو، دوو کۆڵبەری کورد بە ناوەکانی \"غەریب عەلیزادە\"، تەمەن ٣٨ ساڵ، کوڕی حاسڵ و \"سامان\" ناسراو بە \"سامانە سوور\"، تەمەن ٢٨ ساڵ، بە تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران بریندار بوون.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا لەم بارەیەوە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: \"هێزەکانی سپای پاسداران لە شاخی سیاکێو لە سنووری \"کێلەشینـ\"ـی شاری شنۆ و لە ڕووی عێراقدا، دەسڕێژییان لەو دوو کۆڵبەرە کوردە کردووە\".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتی: \"ئەو دوو کۆڵبەرە کوردە، خەڵکی شارەکانی پیرانشار و مەهابادن\".

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، هێزەکانی سپای پاسداران لە پشتەوە تەقەیان لەو دوو کۆڵبەرە کوردە کردووە و ئەو کۆڵبەرانە لە پشتەوە پێکراون و ڕەوانەی نەخۆشخانەی \"سۆران\" لە هەرێمی کوردستان کراون.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها زیادی کرد: \"ئەگەری هەیە کە غەریب و سامان، ڕەوانەی نەخۆشخانەی \"ئیمێرجێنسیـ\"ـی شاری هەولێر بکرێن\".

کۆڵبەری لە واتای وشەدا، بە هەڵگرتنی شتومەک لەسەر کۆڵ و لە دەستەواژەی کۆمەڵایەتیدا، کۆڵبەر بەو کەسانە دەوترێت کە شتومەک و کاڵا لە سنوورەکان هاوردەی وڵات دەکەن. جیا لە کێشە و ئەو مەترسییانە کە بەرەوڕووی کۆڵبەران لە لایەن سروشتەوە دێتە سەر ڕێگایان، وەک سەرمابردوویی، \"با\" و باران و هەتا دوایی، ئەم توێژە زەحمەتکێشە، بەرەوڕووی مەترسییەکی گەورەتر دەبنەوە، ئەو مەترسییەش، حوکمی نەنووسراوی تەقەکردنە لە یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیدا.