تەقینەوەی مینێک لە کۆنە پایگایەکی شاری بۆکان

15:12 - 13 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: تەقینەوەی مینێک لە یەکێک لە کۆنە پایگاکانی شاری بۆکان، خەساری گیانیی نەبووە.

بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە خۆجێییەکان، ڕۆژی چوارشەممە، ١٢ی پووشپەڕ، لە ناوچەی باغی قازیی شاری بۆکان، کە کۆنە پایگایەکی سەردەمی شەڕی ئێران و عێراقی تێدا بووە، مینێکی هەڵنەگیراو تەقیوەتەوە و خەسارێکی بەو دەوروبەرە گەیاندووە.

بەرپرسی نووسینگەی سیاسیی فەرمانداریی شاری بۆکان، سەبارەت بە تەقینەوەی ئەو مینە ڕایگەیاند: \"لە ساڵی شەستەکاندا، لە باغی قازی، کۆنە پایگایەک دروست کرا و دواتر ئەو پایگایە بوو بە شوێنی خانووبەری هاووڵاتییان، بەڵام هەتا ئێستا مینە بەجێماوەکانی ئەو کۆنە پایگایە، کۆ نەکراوەتەوە\".

بە وتەی \"حەسەن خزری\"، پاش لابردنی خاکی ئەو کۆنە پایگایە لە لایەن خاوەن خانووبەرەکانەوە، ژمارەیەک مینی بەجێماو، لەنێو ئەو خاکەدا، دۆزرانەوە.

ناوبراو هەروەها وتوویەتی: \"پاش کۆکردنەوەی هەندێک لە مینەکان و تەقاندنەوەی دوو مین لە ڕێگای دوورەوە، دواتر دەرکەوت لەو کۆنە پایگایە، مینی دیکە چێندراوە و کۆنەکراونەتەوە\".

پێشتر، کارناسێکی مینهەڵگرتن، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: \"مین لە کوردستان هەڕەشە لە گیانی هاووڵاتییان دەکات و ئەمەش بۆ ناشارەزایی لە بواری مین هەڵگرتنەوە، دەگەڕێتەوە\".

ناوبراو هەروەها وتبووی: \"سەرەڕای خاوێنکردنەوەی نزیکەی ٣ هەزار پایگا لە ساڵی ٩٦دا، هەتا ئێستا، داهاتوویەکی ڕوون بۆ هەڵگرتنەوەی مین لە کوردستاندا بەرچاو ناکەوێت\".