تەقینەوەی مین، چەند سەر ئاژەڵی ماڵیی کردە قوربانی

14:23 - 25 گەلاوێژ 2719
ئاژانسی کوردپا: کۆنەکردنەوە و تەقینەوەی یەکێک لە مینە بەجێماوەکان لە شاری سەردەشت، بوو بەهۆی لەنێوچوونی چەند سەر بزنی هاووڵاتییان.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٤ی گەلاوێژ، لە گوندی \"بێژوێـ\"ـی بەخشی ناوەندیی شاری سەردەشت، پێنج سەر بزن لەنێوچوون.

ئەو ڕووداوە، لە لەوەڕگەکانی ئەو گوندەدا ڕووداوە.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی سێشەممە، ١٥ی گەلاوێژ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"شێرکۆ\"، کوڕی \"محەممەد\"، خەڵکی گوندی \"گلە سپی\"، سەر بە شاری سەردەشت، بە تەقینەوەی مین بریندار بوو.

شاری سەردەشت بە حەشیمەتی ١١١ هەزار کەسی، لە باشووری پارێزگای ورمێ و هاوسنوور لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەڵکەوتووە و لە کاتی شەڕی ٨ ساڵەدا، یەکێک لە ناوچە جەنگییەکان بووە.