تەقینەوەی مین لە ئیلام؛ پیرەمێردێک ئەندامێکی جەستەی لە دەست دا

21:04 - 13 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: تەقینەوەی مین لە شاری دێهلۆڕان سەر بە پارێزگای ئیلام، برینداربوونی هاووڵاتییەکی لێکەوتەوە.

ڕۆژی سێشەممە، ١٣ی سەرماوەز، به هۆی تەقینەوەی مینی بەجێماو لە شەڕی ٨ ساڵەی نێوان عێراق و ئێران لە ناوچەی چم هندی لە موسیانی دێهلۆڕان، هاوولاتێیەکی تەمەن ٦٠ ساڵ، بریندار بوو.

بەرپرسی بێهداشت و دەرمانی دێهلۆڕان لە وتووێژێکدا لە گەڵ هەواڵدەریی ئیرنا رایگەیاندووەو: لەم ڕووووداوەدا پیرەمێردێکی تەمەن ٦٠ ساڵ، لاقی لە دەستداوە و تووشی خوێنڕێزی بووە.

ئەم پیرەمێردە تەمەن ٦٠ ساڵەیە، سەرەتا براوەتە نەخۆشخانەی شەوانەڕۆژیی دێهێستانی دەشت عەباس و پاش ئەنجامدانی کارە دەرمانییە سەرەتاییەکان و بە مەبەستی پێشگرتن لە خوێنرێزییەکەی گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی گەنجەوان .

ئیرنا ڕایگەیاندووە: هێشتا شوناسی ئەم کەسە ڕوون نەبووەتەوە کە ئایا ئێرانییە یان عێراقی بەڵام بە پێی بیستراوەکان، ئەم پیرەمێردە عێراقی بووە و لە کاتی لەوەڕاندنی مەڕوماڵاتدا تووشی مینەکان و ئەم ڕووداوە بووەتەوە.

هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی یەکشەممە، ١١ی سەرماوەز، دوو هاوولاتیی دیکە به ناوەکانی \" کامیار عەبدوڵڵاهی\" تەمەن ٣٠ ساڵ و \" سەفەر ڕەحمانی\" تەمەن ٣٥ ساڵ، بە هۆی تەقینەوەی مین لە ناوچەی \"هەنگەژاڵ\"ی شاری بانە تووشی لە دەستدانی قولاپەی پێیان بوون.

ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە، خەڵکی گوندەکانی \"عەباس ئاوا\" و \"خوری ئاوا\"ی سەر به ننوری بانەن.