تەقینەوەی مین لە شووش گیانی مێرمنداڵێکی ١٢ ساڵەی ئەستاند

14:19 - 30 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی تەقینەوەی مینێکی بە جێماوەی سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق لە شاری شووش سەر بە پارێزگای خوزستان، گیانی مێرمنداڵێکی تەمەن ١٢ ساڵی ئەستاند.

ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی خەزەڵوەر، لە شاری شووش، مێرمنداڵێکی تەمەن ١٢ ساڵ بە هۆی تەقینەوەی یەکێک لە مینە کۆ نەکراوەکانی شەڕی ٨ سآڵەی ئێران و عێراق، گیانی لە دەست دا.

شوناسی ئەو مێرمنداڵە تەمەن ١٢ ساڵە بە ناوی \"محەممەد ئەمین قالبی حاجیوەند\"، ڕاگەیاندراوە.

ماڵپەڕی \"مین و زندگی\"، لەو باریەوە بڵاوی کردوە، ئەو ڕووداوە کاتژمێر یەکی دوانیوەڕۆی ٢٩ی خەزەڵوەر، ڕووی داوە و ئەو میرمنداڵە لەو ڕووداوەدا بە هۆی قرتانی دەستی چەپی و هەروەها خوێنڕیژیی زۆر، پاش گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی نیزامیی ماف، پاش دوو کاتژمێر گیانی لە دەست دەدات.

ئێران بە پانتایی چوار میلیۆن هێکتار ئالوودە بە مینە و بە بوونی زیاتر لە ١٦ میلیۆن مینی بە جێماوی شەڕی هەشت ساڵە لە ٥ پارێزگا، بە دووهەمین وڵاتی ئالودە بە مین لە جیهان بە ئەژمار دێت.