تەقینەوەی مین لە خووزستان سێ قوربانیی لێکەوتەوە

11:19 - 20 رەزبەر 2719

ئاژانسی کوردپا: بەهۆی تەقینەوەی یەکێک لە مینە چێندراو و کۆنەکراوەکانی شەڕی ئێران و عێراق، لە شاری "بستان"ی پارێزگای خووزستان، هاووڵاتییەک کوژرا و دوو هاووڵاتیی دیکە بەسەختی بریندار بوو.

ڕۆژی هەینی، ٢٠ی ڕەزبەر، بەهۆی تەقینەوەی مین، هاووڵاتییەک بە ناوی "ڕەحیم ڕاشدی" کوڕی "داهی"، گیانی لەدەست دا و دوو هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی "کەریم لەتیفی" کوڕی "ئەحمەد" و "ڕەسووڵ ڕەشیدی" کوڕی "عەبوود"، بەسەختی بریندار بوون.

فەرماندەی هێزە ئینتزامییەکانی شاری بستان وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە، ڕایگەیاند: "ئەو ڕووداوە لە گوندی نەبعەی شاری بستان ڕوویداوە کە بوو بەهۆی قوربانیبوونی ئەو سێ کەسە".

"مووسەوی"، هۆکاری تەقینەوەی  ئەو مینەی بۆ کۆکردنەوەی پاشماوەی ئاسنەواڵە و پریشکەی تەقەمەنییەکان لە لایەن ئەو سێ هاووڵاتییەوە گەڕاندەوە.

زیاتر لە ٤ هەزار هێکتار لە زەوییەکانی پارێزگای خووزستان لە شارەکانی "دەشتی ئازادگان، هوێزە، بستان، خۆڕەمشار و شەلەمچە"، ئالوودە بە مین و کەرەستە تەقەمەنییەکانی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراقە.

بوونی مینە بەجێماوەکان لە کاتی شەڕ، ئەمنییەت و تەندروستیی دانیشتووانی ئەو ناوچەیەی خستووەتەوە مەترسییەوە.