تەقینەوەی مین، قرتاندنی قولاپەی پێی فەرمانبەرێکی لێکەوتەوە

14:35 - 26 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: بەهۆی تەقینەوەی مین لە ناوچەی سنووریی \"میمک\" لە پارێزگای ئیلام، فەرمانبەرێک بریندار بوو.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاو کراوەکان، ڕۆژی دووشەممە، ٢٤ی پووشپەڕ، بەهۆی تەقینەوەی یەکێک لە مینە بەجێماوەکانی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق، یەکێک لە ئەندامانی گرووپی \"کوژراو و بێسەروشوێنەکان\" لە ئێران، بە ناوی \"یەعقووب حاجی پوور\"، بریندار بوو.

ئەو ڕووداوە لە بەرزاییەکانی \"کەلە قەندی\" لە نزیک پایگای \"دراجی\" لە ناوچەی سنووریی پارێزگای ئیلام ڕووی داوە و ئەو فەرمانبەرە تەمەنی ٤٩ ساڵە.

بە وتەی \"حوسێن ئەحمەد نیاز\"، ١٦ ملیۆن مینی پووچەڵنەکراو لە ئێراندا بوونی هەیە و زۆربەی مینە چێندراو و هەڵنەگیراوەکان، لە پارێزگاکانی ورمێ، سنە، کرماشان، ئیلام و خووزستاندایە، کە ئەمەش پانتایی جوغرافیایەکی زۆری لە خۆ گرتووە.

بە وتەی ئەو پارێزەرە کوردە، زۆربەی مینە چێندراوەکان، لە شوێنە نیزامییەکان چێندراون و هەتا ئێستا کۆ نەکراونەتەوە.