تەقینەوەی مین بووە هۆی کەمئەندام بوونی کۆڵبەرێکی کورد

14:05 - 30 خەزەڵوەر 2717
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد کە بە هۆی تەقینەوەی مین لە شاری پیرانشار بە سەختی بریندار ببوو، بۆ نەخۆشخانە گوازرایەوە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی خەزەڵوەر، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی\" لوقمان واحیدی\" خەڵکی گوندی \"مێشەدێ\" لە شاخی \"کانی خوا\"ی شاری پیرانشار بە هۆی تەقینەوەی مین لاقێکی لە دەستدا، ئەو کۆڵبەرە کوردە بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری پیرانشار کرا.

قەیرانی ئابووری لە پارێزگاکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بە تایبەتی لە ناوچە سنوورییەکان، هاووڵاتییانی کورد بە ناچاری و بۆ دابین کردنی بژیوی ژیانیان ڕوو لە پیشەی مەترسیداری کۆڵبەری دەکەن کە سەرەڕای تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکانی ئێران، لە لایەکی دیکە بە هۆی سرمابردوویی و تەقینەوەی مین، گیانیان دەکەوێتە مەترسییەوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ، لە ٢٣ قوربانی مین، ٣ کەس کوژرا و ٢٠ کەسی دیکەش بریندار بوون، بەپێی ئامارەکان شەش میلیۆن هێکتار لە خاکی ئێران ئالوودە بە مینە.