تەقینەوەی مین برینداربوونی کۆڵبەرێکی لێکەوتەوە

11:03 - 10 رەزبەر 2719

ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی شاری مەریوان، بەهۆی تەقینەوەی مین لە بەرزاییەکانی هەوراماندا بریندار و ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە، ٨ی ڕەزبەر، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "عادڵ یەعقووبی"، تەمەن ٢٦ ساڵ، کوڕی "سدیق"، خەڵکی گوندی "بێساران" و دانیشتووی شاری مەریوان، بەهۆی تەقینەوەی یەکێک لە مینە چێندراوەکان، لاقی چەپی بریندار بوو.

ئەو کۆڵبەرە کوردە، پاش ئەو ڕووداوە، بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی فەجری شاری مەریوان کرا.

لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی سێشەممە، ٩ی ڕەزبەر، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "سەید نادر"، خەڵکی شاری پیرانشار، لە سنووری شاری سەردەشتدا، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت پێکرا.

ئەو کۆڵبەرە کوردە، لە شوێنێک بە ناوی "گاموول"، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو تەقەی لێکرا و پاش برینداربوونی بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندی دەرمانیی شاری سەردەشت کراوە.