تێرۆری ناسەرکەوتووانەی ڕێبەری بەرەی سوننییەکانی ئێران

15:11 - 28 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: سکرتێری گشتیی بەرەی سوننییەکانی ئێران، لە شاری هەراتی وڵاتی ئەفغانستاندا، لە لایەن چەند کەسێکەوە دەسڕێژی کرایە سەری.

ڕۆژی هەینی، ٢٧ی بانەمەڕ، مەولەوی \"ئیبراهیم سەفی‌زادە\"، سکرتێری بەرەی سوننییەکانی ئێران لە شاری هراتدا، پاش نوێژی هەینی، لە لایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە، بە چەک دسرێژی کرایە سەری.

بەرەی سوننییەکانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا، وێرای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە ڕایگەیاند: \"مەولەوی سەفی‌زادە، پاش نوێژی هەینی، لە لایەن چەند کەسێکی چەکداری نەناسراوەوە هێرش کرایە سەری و ناوبراو سێ گولـلە بەر مل، شان و گورچیلەی کەوتووە.

ئەو بەیاننامەیە هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە ناوبراو لە تێرۆر ڕزگاری بووە و هەنووکە لە نەخۆشخانەی شاری هەراتدا لەژێرچاوەدێریی پزیشکیدایە.

لە بەیاننامەیەی بەرەی سوننییەکانی ئێراندا هاتووە کە بەرەی سوننییەکانی ئێران وێرای مەحکوومکردنی ئەم کردەوە تێرۆریستییە نامرۆڤانەیە لە مانگی ڕەمەزاندا، ڕایدەگەیەنێت: \"جگە لە نیزامی ویلایەتی فەقیهـ، هیچ دوژمنێکی دیکەمان نییە و بەرپرسایەتیی ئەم کردەوە تێرۆریستییەش لە ئەستۆی بەرپرسانی ئەم نیزامەیە.\"

هەروەها لەو بەیاننامەیە ئاماژە بەوە کراوە کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، چالاکانی بەرەی سوننییەکانی ئێران، بە هۆی گوشارەوە ناچار بوون زێدی خۆیان بەجێ بهێڵن، بەڵام لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران، کراونەتە ئامانجی کردەوەی تێرۆریستی و لە هەندێک حاڵەتدا، گیانیان لەدەست داوە.