تۆپبارانی سپای پاسداران، خەسارێکی بەرچاوی بە ژینگەی هەرێمی کوردستان گەیاندووە

16:12 - 28 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: تۆپبارانکردنی خاکی هەرێمی کوردستان، لە لایەن سپای پاسدارانەوە، خەسارێکی بەرچاوی بە لەوەڕگە و باخاتی خەڵک گەیاندووە.

بەپێی ڕاپۆرتی تەلەفزیۆنی \"کوردستان ٢٤\"، ٦٢٠ هێکتار لە لەوەڕگە، پووش و پاوان و باخاتی ناوچەکانی سیدەکان، بەهۆی تۆپبارانکردنی سپای پاسداران، بە تەواوەتی سووتاون.

ژمارەیەک لە دانیشتووانی ناوچەی سیدەکان، بەهۆی تۆپبارانکردنی ئەو ناوچانە لە لایەن سپای پاسدارانەوە، شوێنی خۆیان چۆڵ کردووە و جووتیاری تەنیا داهاتی ئەوان دێتە ئەژمار کە بەهۆی تۆپبارانەوە خەسارێکی بەرچاوی پێگەیشتووە.

یەکێک لە دانیشتووانی ناوچەی سیدەکان لە وتووژێکدا لەگەڵ هەواڵنێری تەلەفزیۆنی \"کوردستان ٢٤\" ڕایگەیاندووە: \"لە ترسی تۆپبارانکردنی چەند ڕۆژ پێشی ئێران، شوێنی خۆمان بەجێهێشتووە، بەڵام دواتر لە ڕووی ناچاری گەڕاینەتەوە بۆ سەر کاری جووتیاری، کە تەنیا داهاتی ئێمەیە\".

\"کرمانج عێزەت\"، فەرمانداری سۆران، خوازیاری قەرەبووکردنەوەی خەسارەتی هاووڵاتییانی دانیشتووی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بوو و ڕایگەیاند: \"دەبێ لە ئاستی باڵا داوا لە وڵاتان بکەین کە حکوومەتی ئێران کۆتایی بە زیانگەیاندن بە هەرێمی کوردستان بهێنێت\".

ڕۆژی هەینی، ٢١ی پووشپەڕ، سپای پاسداران تۆپبارانکردنی خاکی هەرێمی کوردستانی پشتڕاست کردەوە و ئیدعای کردبوو کە مقەڕەکانی حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێرانیان کردووەتە ئامانج.

لە ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەی حەوتووی ڕابردوو، سپای پاسداران، شاخ و بەرزاییەکانی سنووریی نێوان \"پیرانشار\" و \"چۆمان\" و هەروەها بەرزاییەکانی \"سیدەکان\" و\"بەربەزین\" و هەروەها گوندەکانی: \"دێرێ، داسنیا، تەلان، بێ قەپوشک، دوستانا\"ی بە چڕی تۆپباران کرد.

لەو تۆپبارانەی سپای پاسداراندا، کچێکی تەمەن ١٨ ساڵ بە ناوی \"زیتوون قادر\" گیانی لەدەست دا و هەروەها دوو برای ئەو کچە بە ناوەکانی \"سیروان\"، تەمەن ٢٣ ساڵ و \"ئیسماعیل\"، تەمەن ١٤ ساڵ، بەسەختی بریندار بوون.