تۆپبارانی سپای پاسداران، ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکانی مەریوانی بەدواوە بوو

15:36 - 28 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: لەوەڕگە و دارستانەکانی مەریوان، لە ئاکامی تۆپبارانکردنی سپای پاسداران، تووشی ئاگرکەوتنەوە بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە، ٢٨ی جۆزەردان، شاخی \"میراجیـ\"ـی سەر بە شاری مەریوان، لە لایەن سپای پاسدارانەوە، تۆپباران کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، تۆپبارانکردنی شاخی میراجی لە لایەن سپای پاسدارانەوە، ئاگرکەوتنەوەی دارستان و لەوەڕگەکانی ئەو شاخەی بەدواوە بووە و هەروەها خەساری بەرچاوی بە ژینگەی ئەو ناوچەیە گەیاندووە.

ئەم سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: \"سپای پاسداران، بە بیانووی بوونی هێزی حیزبە کوردییەکانەوە، ئەو شاخەیان تۆپباران کردووە.\"

بە وتەی هاووڵاتییانی ئەو ناوچەیە، زۆربەی ئاگرکەوتنەوەکان لە دارستان و لەوەڕگەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، لە لایەن کەسانێکی سەر بە ناوەندە ئەمنییەتی و نیزامییەکانی حکوومەتەوە ڕوو دەدەن و بەو هۆیەوە ناوەندە پەیوەندیدارەکانی حکوومەت، هیچ هەوڵێک بۆ کۆنترۆڵ و کوژاندنەوەی ئەو ئاگرکەوتنەوانە نادەن.