تۆپبارانی خاکی هەرێمی کوردستان لە لایەن سپای پاسدارانەوە

18:54 - 19 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: سپای پاسداران، خاکی هەرێمی کوردستانی عێراقی تۆپباران و کاتیووشاباران کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە، ١٩ی پووشپەڕ، سپای پاسداران، شاخ و بەرزاییەکانی سنووریی نێوان \"پیرانشار\" و \"چۆمان\" و هەروەها بەرزاییەکانی \"سیدەکان\" و\"بەربەزین\" و هەروەها گوندەکانی: \"دێرێ، داسنیا، تەلان، بێ قەپوشک، دوستانا\"ی بەخەستی تۆپباران کرد.

هەواڵنێری کوردپا لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند:\" لەو تۆپبارانەی سپای پاسداراندا، کچێکی تەمەن ١٨ ساڵ بە ناوی \"زیتوون قادر\" گیانی لەدەست داوە و هەروەها دوو برای ئەو کچە بە ناوەکانی \"سیروان\"، تەمەن ٢٣ ساڵ و \"ئیسماعیل\"، تەمەن ١٤ ساڵ، بەسەختی بریندار بوون.

لەو تۆپبارانکردنەی سپای پاسداراندا، خەسارێکی بەرچاو بە ژینگەی ئەو ناوەچەیە گەیشتووە.

سپای پاسداران لە تۆپبارانکردنی خاکی هەرێمی کوردستاندا، لە چەکی کاتیووشا کەڵکی وەرگرتووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، تۆپبارانکردنی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان لە لایەن سپای پاسدارانەوە، بەردەوامە.