تۆپبارانکردنی خاکی هەرێمی کوردستان درێژەی هەیە

20:13 - 20 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: تۆپبارانکردنی خاکی هەرێمی کوردستان لە لایەن سپای پاسدارانەوە، بەردەوامە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی پووشپەڕ، تۆپخانەکانی سپای پاسداران تۆپبارانکردنی خاکی هەرێمی کوردستانیان دووبارە دەست پێکردەوە.

تۆپخانەکانی سپای پاسداران، ناوچە سنوورییەکانی چۆمان و پیرانشار، ئالانە و بەردەسۆرانیان کردووە بە ئامانج و خەسارێکی بەرچاویان بە ژینگەی ئەو ناوچەیە گەیاندووە.

لەو تۆپبارانەدا، سێ پێشمەرگەی کۆمەڵەی زەحمتکێشانی کوردستان، بەسەختی بریندار بوون و باری تەندروستیی یەکێک لە برینداربووەکان نالەبار ڕاگەیەندراوە.

هەروەها، ڕۆژی چوارشەممە، ١٩ی پووشپەڕ، سپای پاسداران، شاخ و بەرزاییەکانی سنووریی نێوان \"پیرانشار\" و \"چۆمان\" و هەروەها بەرزاییەکانی \"سیدەکان\" و\"بەربەزین\" و هەروەها گوندەکانی: \"دێرێ، داسنیا، تەلان، بێ قەپوشک، دوستانا\"ی بە چڕی تۆپباران کرد.

لەو تۆپبارانەی سپای پاسداراندا، کچێکی تەمەن ١٨ ساڵ بە ناوی \"زیتوون قادر\" گیانی لەدەست داوە و هەروەها دوو برای ئەو کچە بە ناوەکانی \"سیروان\"، تەمەن ٢٣ ساڵ و \"ئیسماعیل\"، تەمەن ١٤ ساڵ، بەسەختی بریندار بوون.