تۆمەت و بۆختان - حەسەن ساڵح‌زادە

20:45 - 31 جۆزەردان 2715
Unknown Author
حەسەن ساڵح‌زادە

بۆختان یا تۆمه‌ت دوو وشه‌ن که‌هه‌ردووکیان به‌یه‌ک مانان، به‌ڵام له‌وته ‌و نووسراوه‌کاندا هه‌ر کامیان له‌جێگه‌ی ئه‌وی دیکه‌به‌کارده‌برێن. له‌هه‌ندێ له‌سه‌رچاوه‌کاندا به‌مانای درۆ به‌کارهێنراون. زانایانی ئه‌خلاقیش ئاستی ناشیرینی تۆمه‌ت و بۆختانیان به‌رزتر له‌درۆ و غه‌یبه‌ت لێکداوەتەوە.

تۆمەت یا بۆختان بە راگەیەندراو یا راو بۆچوونێک دەوترێ کە داوایەکی ئاشکرا یا زمنی بە تاک، کەسب و کار، بەرهەم، گرووپ، حکوومەت، ئایین یا نەتەوەیەک دەلکێنێ. مەبەست لەو هەوڵانە ئەوەیە کە سیمایەکی نەرێنی لەم چینانە ساز بکاو راستییەک کە لە ئارادایە دیزە بە دەرخۆنەی بکا. ئەم وشەیە هەروەها بە سەرنجدان بە باری یاسایی، قسەو ناونیتکەی ناشیاوی کەسێک سەبارەت بە یەکی دیکەیە، بێ ئەوەی کە لەو شتەی باسی دەکا دڵنیا بێ یا ئەوەی کە بتوانێ راستییەکەی بسەلمێنێ. تۆمەت یا بوختان دەتوانێ بە شێوازی زارەکی یا نووسراوە بێتە ئاراوەو بۆ ئامانجی تایبەت و لە هەلومەرجی تایبەتدا بڵاو بکرێتەوە.‌

بۆختان هه‌ڵبه‌ستن له‌باری ئینسانی و ئه‌خلاقیه‌وه‌کرده‌وه‌یه‌کی زۆر ناحه‌زه‌، واته‌لکاندنی عەیب و عار بە کەسانێکەوە که‌تایبه‌ت به‌وان نیه‌. ئه‌گه‌ر که‌سێک پشت سه‌ری مرۆڤێک شتێک بڵێ و‌ هه‌موو که‌س به‌وه‌بزانن که‌ئه‌و شته‌له‌و دایه‌، ره‌نگه‌تا رادەیەک ئاسایی بێ. به‌ڵام ئه‌گه‌ر که‌سێک شتێک به‌مرۆڤێک بڵێ که‌ئه‌و شته‌ی تێدا نیه‌، ئه‌وه‌ده‌چێته‌خانه‌ی تۆمه‌ت لێدان و بوختان هه‌ڵبه‌ستن.

له‌ئه‌نجامدا به‌پێی بنه‌ماکانی ئه‌خلاقی مرۆیی و مانای ئه‌ده‌بی ئه‌م وشه‌گه‌له‌، کاردانه‌وه‌یه‌کی زۆر خراپی لێده‌که‌وێته‌وه‌، ده‌بێ که‌سی بۆختانچی تاوانی بۆختانه‌کانی بداته‌وه‌. به‌واتایه‌کی دیکه‌ده‌کرێ بڵێین بۆختان هه‌مان به‌رچه‌سب لێدان یان تێرۆری مەعنەوییە کە لە نێوان دوو کەس یان لایەندا بە جیاوازی لا هاتووچۆدان‌. به‌داخه‌وه‌ئەم دیاردەیە هەر لە کۆنەوە له‌کۆمه‌ڵگای به‌شه‌ریدا به‌رده‌وام له‌ئارادابووه‌و ئه‌مرۆش وەک دەبینین لە کۆمەڵگای ئێمە گه‌وره‌ترین که‌ره‌سه‌ی ده‌ستی تاقمێک لە نه‌یاران و دژبه‌رانه.

به‌رچه‌سب لێدان فۆرمێکی دیکه‌ی هه‌یه‌که ده‌کرێ ناوی بنێین ده‌له‌سه‌یا چه‌فته‌. له‌م حاڵه‌ته‌دا بۆختانکه‌ر گوناه یا کردارێکی قێزه‌ون به‌که‌سێک نیسبه‌ت ده‌دا که‌بۆ خۆشی ده‌زانێ ئه‌و خسڵه‌ته‌شایانی ئه‌و نیه‌یا ئه‌م تاوانه‌له‌و رووی نه‌داوه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش لێی پاشگه‌ز نابێته‌وه‌. یان جاری وا هه‌یه‌که‌بوختانچی بۆ خۆی تووشی کرده‌وه‌یه‌کی ناشیرین و دزێوی نەهێنی بووه‌و هه‌موان لێی تێگەیشتوون، به‌ڵام بۆ رزگار کردنی خۆی له‌گرفته‌که‌و ده‌رچوون له‌سزادران، خسڵەتەکەی خۆی بۆ که‌سێکی دیکه‌نیسبه‌ت ده‌دا. ئه‌م حاڵه‌ته‌ره‌وتێکی زۆر نائه‌خلاقی‌یه‌و له‌باری فه‌لسه‌فی و یاسایی‌یه‌وه‌تاوانه‌که‌ی له‌درۆ، غه‌یبه‌ت و تۆمه‌ت قورستره‌، بەم رەفتارەش دەیەوێ کەسایەتی بەرانبەرەکەی بشکێنێ و بیهێنێتە ئاستی خۆی، ئەویش بەو هیوایەی کە بتوانێ عەیبەکەی خۆی لەم ئاڵۆزییەدا بشارێتەوە.

له‌راستیدا له‌و وڵاتانه‌ی که‌سیستمی سیاسی سه‌قامگیر کراوە،‌جێگای تاوانبارو بێ تاوان دیاری ده‌کرێ و هیچ کەس رێگەی پێ نادرێ بە ساناهی بە تۆمەت سازی خۆڵ لە چاوی خەڵک بکا. ئه‌گه‌ر وەها شتێکیش رووبدا، قوربانیانی تۆمه‌ت و بوختان، له‌رێگه‌ی یاساوه‌سکاڵا له‌سه‌ر بوختانچی تۆمار ده‌که‌ن و رووبه‌ڕووی ده‌زگای قه‌زایی وڵاتەکەیانی ده‌که‌نه‌وه‌. تا ئه‌و راده‌ی که‌پێوه‌ندی بوختانکەرەوە هەیە پێویستە بێجگە لەوەی کە دەبێ به‌به‌ڵگه‌وە داواکه‌ی بسه‌لمێنێ، ده‌بێ مه‌به‌ستی خۆشی له‌و شه‌ڕه‌نگێزییه‌راست بکاته‌وه‌، سەرەڕای ئەوەی کە وەدەست هێنانی ره‌زایه‌تی قوربانی یه‌که‌ش لە ئەستۆی ئەوە. جیا لەوەی کە ئەگەری ئەوەش هەیە له‌گه‌ڵ سزایه‌کی توند رووبه‌روو ببێته‌وە.

ده‌رکه‌وتنی بوختان و چه‌فته‌ی هێز و لایه‌نه‌ناوچه‌یی و لۆکاله‌کان له‌وه‌وه‌سه‌رچاوه‌دەگرێ که‌نیزامی سیاسی وڵات یان ناوچه‌یه‌ک له‌گرێژه‌نه‌بچێ و عه‌داڵه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ئارادا نه‌مێنێ. بە واتایەکی دیکە ئەگەر کەسانێکی نابەرپرس و هەلپەرەست هەست بە بۆشایی نەبوونی سیستمی قەزایی پێویست لە دەڤەرەکەیان بکەن و لەوە دڵنیابن کە نیزامی دادپەروەری ناوچەی پێوەندیدار دەستی پێیان راناگا، دەست دەکەن بە سەرەڕۆیی و بۆ ئەوەی کردەوە ناحەزەکانیان بزر بکەن، دۆخەکە بۆ کەسێکی ئاڵۆزو شێواو دەگۆزنەوە. لە ئاکامی ئەم بۆمولێڵە دایە کە جێگه‌ی هه‌ق و ناهه‌ق دێته‌گۆڕین، بێ تاوانه‌کان بە تاوانبار و گرفتار دەناسرێن و خراپه‌کاران ره‌هاو ئازاد، گه‌ش بینی جێگه‌ی خۆی دەدا به‌دگومانی،بێ بڕوایی بۆ ناو کۆمەڵگادا تەشەنە دەستێنێ، زه‌مینه‌ی هه‌رج و مه‌رج وبشێوی دەره‌خسێ و قین و دوژمنایه‌تی به‌سه‌ر دۆستی و خۆشه‌ویستی‌دا ‌زاڵ دەبێ.

هه‌ر که‌سێک کە لە سێبەری دوژمنایەتی و رقی دەروونی خۆیەوە خسڵەتێکی نارەوا ئاراسته‌ی به‌رانبه‌ره‌که‌ی بکات و ئەوەش هیچ پێوه‌ندی به ئە‌وه‌وه‌نه‌بێ، یانی راگەیاندنی شەڕ لە سەر بنەمایەکی پووچ و بێ ئەخلاقانە کە دەبێ لایەنی دووهەم خۆی لێ لابدا. ئەم جۆرە رکابەرییە شانسی بردنەوەی بۆ لایەنی شەرداسەپاو تێدا نیەو دووری کردن لە وەها ململانێ یەک نە تەنها کە بە مانای دۆڕان نیە، بەکڵکوو ئەوپەڕی هوشیاری سیاسی دەگەیەنێ.

لێرەدا با بزانین گونجاوترین هەڵوێست لە هەمبەر بەرەی چەفتەو درۆدا دەبێ چی بێ کە هەم کەسایەتی خۆمان پاراستبێ و هەم رێگەشمان نەدابێ پیلانەکەی سەر بگرێ. بوختانچی پاش ئه‌وه‌ی که‌کرده‌وه نگریسه‌که‌ی واته‌درۆ ده‌له‌سه‌کانی بڵاو کرده‌وه‌، هه‌ر چاوێکی خۆی ده‌کاته‌‌چوار چاو تا بزانێ هه‌ڵسوکه‌وت و ره‌فتاری قوربانییه‌که‌ی چۆن دەبێت ‌و به‌ره‌و کوێ ده‌چێ.

دیاره‌رادەی سه‌رکه‌وتنی بۆختانچییەکان له‌پرۆژه‌که‌یاندا پێوه‌ندی راسته‌وخۆی به‌میزانی پشوودرێژی و سه‌بری تاوانبارکراو هه‌یه‌. واته‌ئه‌گه‌ر لایه‌نی دووهەم بێ حیساب هه‌ڵبچێ و دژکردەوەی توند لە خۆی نیشان بدا بە قازانجی تەواو نابێ. یان ئەگەر ‌هەوڵ بدا بە شێوەیەکی عەقلانی بکه‌وێته‌پاساو هێنانه‌وه‌بۆ سه‌لماندنی بێ تاوانی خۆی دیسان هیچ ده‌سکه‌وتێکی ئه‌وتۆی نابێ و بگرە دەرفەتی نوێ بۆ پروپاگەندەی تۆمەتکاران دەرەخسێندرێ. لە درێژەدا په‌لامارده‌ر چون پێی وایه‌کە نه‌خشه‌که‌ی سه‌ری گرتووه‌، ئه‌سپی‌دەمارگرژی و دەسیسەی خۆی زیاتر له‌جاران تاو ده‌داو رەنگە لەو ئامانجە نێزیک ببێتەوە کە راستی یەکان بشێوێنێ.

له‌ئه‌گه‌ری رووبه‌روو بوونه‌وه‌له‌گه‌ڵ تۆمه‌ت و بوختاندا باشترین چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌که‌ئاوڕ له‌لایه‌نی هێرشبه‌ر نه‌ده‌یته‌وه‌. مەسەلەی تۆمەت و بوختان لە کتێب و قانوونی ئایینە ئاسمانییەکانیش‌دا پێداگری زۆری لە سەر کراوە. هەموو زانایانی ئەخلاقی ئەم بوارەش لە سەر ئەوە کۆکن کە دەبێ لە بەرانبەر وەها هێرشێکدا سەبوور و لە سەرەخۆ بین و بیانووی زیاتر بە دەستەوە نەدەین. لەم نێوەدا ئەگەر لایەنی سێهەم واتە نێوبژیوان بێتە مەیدان و داوای کۆتاییهێنان بەم دۆخە قەیراناوییە بکات، لایەنی دووهەم ئەو کاتە سەربەرزە کە وەک خۆی وەڵامی تاقمی بوختانچی نەدابێتەوە.

زانایان پێیان وایە کە سەرەڕۆیی بوختانچی بە وەڵامدانەوەی لە چەشنی خۆی لە کار ناکەوێ، بەڵکوو ئەوە بێدەنگی و وەڵام نەدانەوەی راستەوخۆی تەرەفەکەیەتی کە دەتوانێ پەکی بخا تا لە چاڵاوی هەڵکەندراوی دەستی خۆیدا شەکەت بکەوێ. له‌ئاکامی رەچاوکردنی ئه‌م هه‌ڵوێسته‌دا، له‌لایه‌ک که‌سایه‌تی تۆمه‌ت لێدراو وه‌ک خۆی به‌خاوێنی ده‌مێنێته‌وه‌و له‌لایه‌کی دیکه‌شه‌وه‌هه‌موو ئه‌و بوختان و ده‌له‌سانه‌ی که‌له‌لایه‌ن بۆختانچییه‌وه‌بڵاو بوونه‌ته‌وه‌، ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌بۆ خۆی و بێجگه‌له‌ریسوایی هیچ رێگایه‌کی دیکەی له‌به‌رده‌مدا بۆ نامێنێته‌‌وه‌.

ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لە ناوەڕۆکی بەرپرسیار نییە