توندوتیژی و کتێب خوێندنەوە چ پەیوەندییەکیان پێکەوە هەیە

15:40 - 30 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: دامەزراوەی خوێندنەوەی ئابووری و ئاشتی، ڕاپۆرتێکی لەژێر ناوی \"پێوانە جیهانییەکانی ئاشتی\" بڵاو کردووەتەوە، کە ئەو وڵاتانەی کەمتر کتێب دەخوێنەوە، زۆرترین شەڕی تێدا دەکرێت و ساڵی ڕابردوو وڵاتی ئێران لەم بوارەدا پلەی ١٣٨ی لە جیهاندا بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەو دامەزراوەیە، وڵاتانی ئیسلەند، دانمارک، ئوتریش، نیوزلەند، سوئیس، فیلاند، کانادا، ژاپۆن، ئوسترالیا، کۆماری چێک، ئەو ١٠ وڵاتە وەکوو وڵاتانی ئارام و مێهربان بەپێی ئەو ڕاپۆرتە ناسراون و خەڵکەکەیان زۆرترین ڕێژەی کتێب خوێندنەوەیان هەیە.

هەروەها ئەو دامەزراوەیە، ئەو وڵاتانەی کە زۆرترین شەڕ و توندتیژییان تێدا ئەنجام دەدرێت پۆلینبەندی کردووە، کە بریتین لە وڵاتانی سووریە لە پلەی (١٦١)، عێراق(١٦٠)، ئەفغانستان (١٥٩)، سوودانی باکوور (١٥٨)، ئافریقای ناوەندەی (١٥٧)، سوومالی (١٥٦)، سوودان (١٥٥)، کۆنگۆ (١٥٤)، پاکستان (١٥٣)، کوورەی باکوور (١٥٢)، ڕووسیە (١٥١) خوارترین ئاستی کتێب خوێندنیان هەیە و بە وڵاتانی توندوتیژ و نەخوێندەوار ناسراون.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەو دامەزراوەیە، لە وڵاتی ئێران زیاتر لە ٦ میلیۆن شەڕی خیابانی لە ساڵدا ڕوو دەدات و زیاتر لە ١٥ میلیۆن دۆسییەی قەزایی لێدان،

تەڵاق و دەسدرێژی هەتا دوایی ڕوو دەدات و لەم بوارەدا پلەی ١٣٨ی هەیە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، وشکئارۆی(قارە) ئورووپا، بە ئارامترین وشکئارۆی جیهان و وشکئارۆی ئاسیا بە توندوتیژترین وشکئارۆی جیهان ناسراوە.

ئەو ڕاپۆرتە لە درێژەدا نووسیوویەتی: وڵاتی ئێران ڕۆژانە بە ٣٠ خولەک کتێبخوێندن، لە پلەی ١٣٨ دێتە پلەی ٤هەمین و دەچێتە ڕیزی ئەو ١٠ وڵاتە جیهانییە کە زۆرترین هێمنی و ئارامییان هەیە.