تاوانی محەممەدڕەزا ڕەمەزانزادە، \"یارمەتی گەیاندن به بوومەلەرزەلێداروان \" ڕاگەیەندرا

19:29 - 25 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: ئەندامی بەرێوەبەریی ئەنجومەنی سێنفی مامۆستایانی پارێزگای خوراسانی باکوور، سەرەڕای کۆتایی هاتنی ماوەی لێپرسینەوە و دەرکردنی وەسیقە، لە گەڵ پەروەندەسازیی نوێ رووبەڕوو بوویەوە.

به پێی ڕاپۆرتی شۆرای هاواهەنگیی دامەزراوە سێنفییەکانی مامۆستایانی ئێران، ڕۆژی شەممە، ٢٤ی سەرماوەز، محەممەدڕەزا ڕەمەزانزادە، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی سێنفی مامۆستایانی پارێزگای خوراسانی باکوور، بە پێچەوانەی عورف و بە بێ سەرنجدان به کەسایەتی مامۆستایەک، به جلوبەرگی زیندان و کەلەپچە گوازراوەتەوە بۆ دادسەرا و لەوێ تاوانەکەیان \"یارمەتی گەیاندن به بوومەلەرزەلێداروانی پارێزگای کرماشان\" ڕاگەیاندووە.

شۆرای هاواهەنگیی دامەزراوە سێنفییەکانی فەرهەنگیانی ئێران ئەم کارە به بیانوویەک بۆ درێژەدان به زیندانی کردنی محەممەدڕەزا ڕەمەزانزادە دەزانن.

شۆرای هاواهەنگیی دامەزراوە سێنفییەکانی فەرهەنگیانی ئێران ڕایگەیاندووە: پاش ڕوودانی بوومەلەرزەی ساڵی ٩٦، دەستیان به کۆکردنەوەی یارمەتی هاوکاران و دامەزراوەکان لە هەژماری بانکی سێ کەسدا کردووە و پارە کۆکراوەکەیان به کڕینی کانێکس و تەرخان کردن بۆ قوتابخانەکانی کرماشان، لە خزمەت کەرتی بارهێنانی ئەم ناوچەدا داناوە. هەموو بەڵگەکانی گرێبەست لە گەڵ ئەو کەسانەی کە کانێکسەکانیان ساز کردووە، پارەیەک کە چووەتە سەر هەژماری ئەو کەسانە ، بەڵگەی تەحویلدانی کانێکسەکان به پەروەردەی سەرپێڵ زەهاو و ... هەموویان لەبەر دەستدان.

محەممەدڕەزا ڕەمەزانزادە لە خولی یەکەمی دەستبەسەرکرانی لە مانگی ڕەزبەردا، ٨ ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسیدا بۆ ناڕەزایەتی به هەڵسوکەوتی نایاسایی دەستی دابووە مانگرتنەوە. ئەو له خولی دووهەمی دەستبەسەرکرانیدا لە ٣٤ ڕۆژ لەمەوپێشەوە، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەرکراوە و ٢٩ ڕۆژ لەو ماوەیە لە زیندانی تاکەکەسیدا بووە.

حەفتەی ڕابردوو، پاش ٢٩ ڕۆژ زیندانی کرانی لە زیندانی تاکەکەسیدا، ناوبراو بۆ زیندانی گشتی بجنوورد و لای زیندانیانی تاوانە گشتییەکان ڕاگوێزراوەتەوە .

شۆرای هاواهەنگیی دامەزراوە سێنفییەکانی فەرهەنگیانی ئێران جەختی کردووەتەوە: ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٢ی سەرماوەز، لە حاڵێکدا لە زینداندا حوکمی قەراری وەسیقە به محەممەدڕەزا ڕەمەزانزادە ڕاگەیەندراوە که نە تەنیا حوکمەکە جێبەجێ نەکراوە وهێشتا لە زینداندایە، بەڵکوو بەداخەوە ئەمڕۆش لە گەڵ تاوانی نوێ بەرەوڕوو بووەتەوە.