بەڵێن وەرگرتنی لە قوتابیان، بۆ بەشداری نەکردن لە ڕێوڕەسمی چوارشەممەسووری

13:12 - 14 رەشەمه 2718
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسانی قوتابخانەی یەکێک لە قوتابخانەکانی شاری سەلاسی باوەجانی، بەڵێنامەیان لە قوتابییەکان وەرگرتووە، لە ڕێوڕەسمی چوارشەممەسووری بەشداری نەکەن.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەرپرسانی قوتابخانەی موبینی ١ی شاری سەڵاسی باوەجانی، بەڵێننامەیان لە قوتابیانی ئەو قوتابخانەیە وەرگرتووە، لە ڕێوڕەسمی چوارشەممەسووری بەشداری نەکەن.

ئەو بڕیارە لە لایەن بەپرسانی قوتابخانەی موبین لەوە سەرچاوەیەی گرتووە کە ئەو منداڵانە لەو ڕێوڕەسمەدا، تووشی سووتان، یان قڕتانی دەست و برینداربوونی روخساریان دەبن.

سەرچاوەیە ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: ئەمە بڕیارەی بەرپرسانی قوتابخانەی موبین لە کاتێکدایە کە ئەوان دەسەڵاتی وەها بڕیارێکیان نییە، بەڵکوو لە لایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتییەوە، ئەو بەڵێننامەیە بەو قوتابخانەیە دراوە، کە بەشداریکردن لە وەها ڕێوڕەسمێک، دەبێت سەرچاوە و بیانوویەک بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لە کاربەردەستدانی حکوومەتی.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: بەرپرسانی حکوومەتی، بە بەرپرس و مامۆستایانی قوتابخانەی موبینی ١یان ڕایانگەیەندووە، لە ئەگەری جێبەجێ نەکردنی ئەو بڕیارە مامۆستایان سزا دەدرێن .