بەڕێوەچوونی مانۆڕی سپای پاسداران بۆ بەربەرەکانێ لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران

15:38 - 31 گەلاوێژ 2719
ئاژانسی کوردپا: سپای پاسداران بۆ بەربەرەکانێ لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران، لە بەرزاییەکانی سنووری شاری ماکۆ، مانۆڕێکیان بەڕێوەبرد و ناوی \"مانۆڕی ڕاستەقینە\"یان، لێنا.

قەرارگای حەمزەی سپای پاسداران، مانۆڕێکی لە بەرزاییەکانی سنووری ناوچەی \"بۆڕاڵان\"ی شاری ماکۆ، بەڕێوەبرد و \"محەممەد پاکپوور\"، فەرماندەی هێزە زەوینییەکانی سپای پاسداران، ئامانج لەو مانۆڕەی بۆ لەنێوبردنی مەقەڕەکانی حیزبە کوردییەکان و پاککردنەوەی ناوچە سنوورییە، گەڕاندەوە.

فەرماندەی هێزەی زەوینیی سپای پاسداران، ئەم مانۆڕەی بە \"مانۆڕی ڕاستەقینە\" ناو برد و بە هەڕەشەکردن لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران، ڕایگەیاندووە: \"لە بەرانبەر هەر جۆرە جموجۆڵێکی ئەمنییەتی کە سنووری کۆماری ئیسلامیی ئێران بخاتە مەترسییەوە، ڕادەوەستین و لەگەڵ هیچ دەستدرێژکەرێک تەعاروفمان نییە\".

\"\"ئەو مانۆڕە پاش سەردانی \"حوسێن سەلامی\"، فەرماندەی گشتیی سپای پاسداران بۆ شاری ورمێ و سەردانی بەرزایی ناوچە سنوورییەکانی شارەکانی پیرانشار و سەردەشت، بەڕێوەچوو بوو.

\"ئاگری ئیسماعیل نژاد\"، چالاکی سیاسیی کورد لە وتووژێکدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا، سەردانی \"سەلامی\" بۆ بەرزاییەکانی سنووری پیرانشار و سەردەشت، بەتایبەتی قەندیل، بە نیشانەی \"گرینگیی هێزی پێشمەرگەی حیزبە کوردستانییەکان لە هاوکێشە هەنووکەییەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هەڵکەوتەی ژئوپۆلتیکیی قەندیل\"، گەڕاندەوە.