بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەیەک بۆ بەسیجییەکانی پایگای مالکی ئەشتەری شاری کامیاران سەبارەت بە حیزبە کوردییەکان

14:26 - 23 خاکەلێوه 2719
ئاژانسی کوردپا: ئەندامێکی خۆجێی پایگای مالکی ئەشتەر لە شاری کامیاران، لە مزگەوتی محەممەد ڕەسووڵ‌ئەڵلای ئەو شارە، کۆبوونەوەی، بۆ دەستوپەیوەندییەکانی حکوومەت گرت.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی ڕابردوو، یەکێک لە دەستوپەیوەندییەکانی سپای پاسداران، بە ناوی \"س. ڕ\" خەڵکی گوندی \"لۆنی سادات\" سەر بە شاری کامیاران، لە مزگەوتی محەممەد ڕەسووڵ ئەڵلا، کۆبوونەوەی بۆ بەسیجییەکانی پایگای مقاومەتی مالکی ئەشتەرلە شاری کامیاران گرتووە و هوشداری پێیان داوە، ئاگاداری هەموو جموجۆڵێک بن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: ئەو ئەندام خۆجێیەی سپای پاسداران، بە بەسیجییەکانی ڕاگەیاندووە، هەنووکە وەرزی بەهارە و دەبێت زیاتر ئاگاداری جموجۆڵەکانی شار و شاخ بن.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: \"س.ڕ\" بە بەسیجییەکانی ڕاگەیاندووە، دەبێت زیاتر ئاگادار ئەو کەسانە بن کە زوو زوو دەچنە شاخ و هەروەها لە ناوشاریشدا، بزانن سەبارەت بە دژبەرانی شۆڕش چی دەڵێن و هەموو جمۆجۆڵێکی گومانئاوی لە شار و لە شاخ بجەنە ژێڕچاوەدێڕییەوە.

بە وتەی ئەو سەرچاوە ئاگادار، ئەو ئەندامەی سپا، بە بەسیجییەکانی ڕاگەیاندووە، لەم وەرزدا، هاتوچۆ و جموجۆڵەکان لە شاخ زیاتر دەبێت و هەروەها لەو ڕێوڕەسمە فەرهەنگییەکان کە لە شار بەڕێوەدەچێت، ئەو کەسانەی کە جامانە لە گەردانیان دەئاڵێن، بە توندترین شێوە لێپرسینەوەیان لێ بکەن.