بەندکراوێکی کورد هەڕەشەی لەسێدارەدانی لەسەرە

15:10 - 3 خەرمانان 2719
ئاژانسی کوردپا: بەندکراوێکی کورد، بە تۆمەتی \"کوشتنی بەئەنقەست\"، ماوەی ٢٨ ساڵە لە زیندانەکانی ئیلام و دەڕەشاردا، هەڕەشەی پەتی سێدارەی لەسەرە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"موعین سەلاح‌ وەرزی\"، تەمەن ٥٥ ساڵ، خەڵکی گوندی \"هەفت چێشمە\"ی شاری ئابدانان، لە ٢٨ ساڵ پێشەوە، بە تۆمەتی \"کوشتنی بەئەنقەست\" لە لە زینداندایە.

یەکێک لە نزیکانی ئەم بەندکراوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: \"موعین لە ساڵی ٧٠ـەوە بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەستی براکەی دەسبەسەر و دواتر بە قیساس مەحکووم کراوە، ناوبراو لە ڕێگای قولاپدۆزی لە زینداندا، ژیانی بنەماڵەکەی دابین دەکات\".

ئەو سەرچاوەیە زیادی کرد: \"ئەو زیندانییە باوکی کچ و کوڕێکە. هەروەها کوڕەکەی لە نەبوونی باوکیدا زانکۆی تەواو کردووە\".

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، کوڕی ئەو زیندانییە بەدواداچوونی بۆ دۆسیەکەی باوکی لە ناوەندە پەیوەندییەدارەکاندا کردووە و بەرپرسان لە وڵامی بە دواداچوونی ناوبراودا، ڕایانگەیاندووە کە دۆسیەکەی باوکی لە دیوانی باڵای وڵاتدا ون بووە.

\"موعین سەلاح‌ وەرزی\"، پاش دەسبەسەری و مەحکوومکرانی، سەرەتا بۆ زیندانی ئیلام و دواتر بۆ زیندانی دەڕەشار ڕاگوێزراوە.