بەنداوی چەپەراوێ گوندی سۆفیانی وێران کردووە + وێنــە

16:43 - 26 خاکەلێوه 2713
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسانی حکوومەتی ماوەی زیاتر لە ١٠ ساڵە بەبیانووی ئاوگیریی بەنداوی چەپراوێ هیچ پڕۆژەیەکی خزمەتگوزارییان لەو گوندەدا ئەنجام نەداوە کە ئەمەش هاووڵاتیانی گوندی سۆفیانی نیگەران کردووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئیدارەی بەنداوسازیی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا ساڵی ١٣٨١ی هەتاوی بڕیاری دروست کردنی بەنداوی چەپەراوێی خستە بورای جێبەجێ کردنەوە، بەڵام هەنووکە پاش تێپەڕبوونی نزیک بە ١١ ساڵ، پرۆسەی دروست کردنی ئەو بەنداوە تەواو نەبووە و بە نیوەچڵی ماوەتەوە.

\"12012.jpg\"
بەپێی پلان‌ڕێژیی ئیدارەی بەنداوسازیی ئوستانی ئازەربایجان، بڕیار بوو بەنداوی چەپەراوێ بە مەودای ١٠ کیلۆمیتر دوور لە شاری شنۆ، هەتا کۆتایی ساڵی ١٣٨٦ کاری دروست کردنی تەواو بێت و ئاوگیری بکرێت، بەڵام ئیدارەی بەنداوسازیی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا بەبیانووی نەبوونی بۆدجەی پێویست دەستیان لە پرۆژەی دروست کردنی ئەو بەنداوە هەڵگرتووە.

هاووڵاتییەکی گوندی سۆفیان بە ماڵپەڕی \"شنۆباس\"ی راگەیاندووە: خەڵکی گوندی سۆفیان لە ماوەی ئەو ١١ ساڵەدا سەرەڕای ئەوەی هیچ خزمەتگوزارییەکیان بۆ ئەنجام نەدراوە، لە ترسی چۆڵ کرانی گوندەکەیان، بۆ خۆشیان هیچ کارێکی ئاوەدان کردنەوەیان ئەنجام نەداوە و ئەو گوندە بەرەو کاولی دەچێت.

\"12013.jpg\"
ئەو هاووڵاتییە باسی لەوەش کردووە، بەرپرسانی حکوومەتی سالی ١٣٨١ بە خەڵکی ئەو گوندەیان راگەیاند: کە پاش تەواو بوونی پرۆژەی بەنداوی چەپەراوێ و چۆڵکرانی ئەو گوندە، حکوومەت بەشێوەی گونجاو قەرەبووی خەڵکی گوندی سۆفیان دەکاتەوە. بۆیە لەو ماوەیەدا ٢٥ بنەماڵە ئەو گوندەیان بەجێهێشتووە و روویان لە شارەکانی دیکەی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران کردووە.

ئەو هاووڵاتییەی خەڵکی گوندی سۆفیان ئەوەشی خستۆتەڕوو، \" ئەوەش لە حاڵێکدایە خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی لەلایەن ئیدارەی بەنداوەسازیی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاواوە ئاگادار کرایەنەوە کە بەرزیی بەنداوی چەپراوێ ناگاتە ئەو ئاستەی کە ئاو بگاتە نێو گوندی سۆفیان بۆیە دەتوانن ژیانی ئاسایی خۆتان دەست پێ بکەنەوە\".

\"12015.jpg\"
لەلایەکی دیکەوە شۆرای گوندی سۆفیان بە دەیان جار سەردانی، فەرماندار، بەخشدار و تەنانەت چەندین جار سەردانی نوێنەری خەڵکی شاری شنۆیان لە مەجلیسی ئێران کردووە، کە هەتا ئیستا هیچ وەڵامێکیان پێ نەدراوەتەوە، بۆیە سەید رەسووڵ تەوحیدی شۆرای گوندی سۆفیان بەو هۆیەوە دەستی لە کار کێشایەوە.

هاوکات رێگەی سەرەکیی شنۆ بۆ پیرانشار کە بەبەر گوندی سۆفیانەوە تێپەڕ دەبوو، بۆ شوێنێکی دیکەی دوور لەو گوندە گوازراوەتەوە.

هەڵکەوتەی گوندی سۆفیان دەکەوێتەە رۆژئاوای شاری شنوو و ٢٥٠ بنەماڵەی تیدا نیشەجێیە و نزیک بە ١٥٠٠ کەس حەشیمەتی هەیە.