بەشێکی زۆری ئێعدامەکان و دستبەسەرکراوەکان لە ئێران بۆ کوردەکان تەرخان کراوە

15:24 - 28 خەزەڵوەر 2717
ئاژانسی کوردپا: سکرتیری گشتی نەتەوەیکگرتووەکان ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران بڵاوکردەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئانتۆنیۆ گۆتیرز، سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە دوایین راپۆرتی خۆیدا سەبارەت بە دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران ئاماژەی بە پێشێلکردنی بەربڵاوی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستانی ڕۆژهەڵات کرد و ڕایگەیاندووە: بەشێکی زۆر لە ئێعدامەکان و دەستبەسەرکردنەکان لە ئێران بۆ کوردەکان تەرخان کراوە.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە، زۆربەی ئێعدام کراوەکان و دەستبەسەرکراوەکان لە کوردەکان پێکدێت و لە ٥ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر لە ٩٠ کۆڵبەری کورد کوژراو و بریندار بوون و لەو پەیوەندییەدا، تەیموور ئەلیاسی، نوێنەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران_ژنێف دووپاتی کردووەتەوە کە ئەم ڕێکخراوە مافی مرۆییە سەرچاوەی سەرەکیی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پەیوەندیی لەگەڵ پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بووە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراوە لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لە سەرەتای مانگی ژانوویە هەتا کۆتاییەکانی مانگی ئۆکتوبری ئەمساڵ ٢٤٨٤ حاڵەتی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ڕۆژهەڵات ڕوویداوە کە لەو ڕێژەیە، ١٨٢٨ هاووڵاتیی دستبەسەر، ١٧٧ کۆڵبەری کورد کوژراو و بریندار و ٦٤ هاووڵاتیی کوردیش بە هۆکاری جۆراوجۆر لە زیندانەکانی حکوومەتی ئێران ئێعدام کراون.