بەرێوەبەری سیاسیی نووسینگەی عەقیدەتی سیاسی فەرماندەییی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران هەڕەشەی لە حیزبی دێموکرات کرد

20:16 - 19 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: بەرێوەبەری سیاسیی نووسینگەی عەقیدەتی سیاسی فەرماندەییی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، بە ئاماژەکردن بە هێرشی مووشەکی بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات، ‌هەڕەشەی لەو حیزبە کرد.

ڕەسووڵ سەنایی‌ڕاد، بەڕێوەبەری سیاسیی نووسینگەی عەقیدەتی سیاسی فەرماندەییی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕاگەیندنەکانی نزیک لە سپای پاسداران، هەڕەشەی لە حدکا کرد، کە لە ئەگەری درێژەدان بە چالاکیی سیاسی لە کوردستان جارێکی دیکە بنکەکانی ئەو حیزبە دەکەنە ئامانج.

ناوبراو ڕایگەیاند: \"لە ماوەی مانگەکانی رابردوودا، پەیوەندیی دژە شۆڕشی سونەتی جیاخواز لە ناوچەی ڕۆژئاوا ئێران لەگەڵ هێندێک لە وڵاتە بیانییەکان بۆ دروستکردنی یەکیەتی لە ڕاستای ئەنجامی عەمەڵیاتی تێکدەرانە لە ئێران ڕووی لە زیادبوون کردووە، بە شێوەیەک لە نێو ئەواندا بەرپرسانی حدکا لەگەڵ بەرپرسانی ئامریکایی چاوپێکەوتنی فەرمی و ئاشکرایان بووە و پاش ئەم هەوڵانە دەستیان کردووە بە بەڕێوبردنی چەند عەمەڵیاتێكی نفووزی و تێرۆریستی لە خاکی ئێراندا، کە هاویشتنی مووشەکەکانی سپا لە ڕاستیدا، وڵامێک بوو بۆ هەوڵە خرابکارانەکەی ئەوان\".

سەنایی‌ڕاد لەو وتووێژدا ئیددعای ئەوەی کردووە، کە چالاکییەکانی حدکا بە پشتیوانی و هاوکاریی عەرەبستانی سعوودی و ئیسرائیل بووە و ڕایگەیاند: \"پێش لە هاویشتنی مووشەکەکان، شوێنی ئامانجە کە بە شێوەی دروست لە لایەن پەهبادکانەوە دەستنیشان کراوە و لە کاتی مووشکباران کردنەکەدا، بە کەڵکوەرگرتن لە ئیمکانتی پێشکەوتووی پەهباد شوێنی لێدانی مووشەکەکان دەسنیشان کراوە\".

بەڕێوەبەری سیاسیی نووسینگەی عەقیدەتی سیاسی فەرماندەییی گشتیی هێزە چەکدارەکان، بە ئاماژە کردن بە هێرشی مووشەکی سپا بۆ سەر بنکەکانی حدکا ڕایگەیاندووە: \"لەو عەمەڵیاتەدا، پێداگری لەسەر مووشەکباران بووە و لە پەهبادەکانیش بۆ زانیاری وەرگرتن و گرتنی وێنەی شوێنی لێدانی مووشەکەکان کەڵک وەرگیراوە. ئەوەی کە ڕوونە، شوێنی هەڵدانی مووشەکەکان لە خاکی ئێران بووە، چونکە شوێنی لێدانی مووشەکەکان لەگەڵ خاکی ئێران مەودایەکی کەمی هەیە.

ئەو بەرپرسە حکوومەتییە دەڵێت: \"لە هەمان کاتدا ئەمڕۆ ئێمە کێشەی مەودا و دقەتمان نییە و سپا هەم بە شێوەی فەرمی ژمارەی مووشەکەکان و شوێنی لێدانی ئەوانی ڕاگەیاندووە و بەرپرسایەتییەکەشی وەئەستۆ گرتووە.\"