بەرپرسی کاناڵی \" ئورمیه دەنگ\" بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ گوازرایەوە

14:01 - 6 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسی کاناڵی هەواڵدەریی \"ئورمیه دەنگ\"، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی، بۆ زیندانی ورمێ گوازراوەتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە، ٢ی بەفرانبار، \"سەلاحەدین ڕەنجبەر\"، بەرپرسی کاناڵی \"ئورمیه دەنگ\"، پاش پەسەندکرانی حوکمەکەی لە لقی یەکی دادگای پێداچوونەوەی شاری ورمێ، بانگهێشتی بەشی جێبەجێکردنی حوکمەکەی لە دادگای ئینقلابی ورمێ کراوە و دواتر بۆ تێپەڕکردنی ماوەی حوکمەکەی دەسبەسەر کراوە و بۆ بەندی ١٣(بەندی جەوانانـ)ـی زیندانی ناوەندیی ورمێ گوازراوەتەوە.

بەرپرسی کاناڵی هەواڵدەریی \"ئورمیه دەنگ\"، مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ به تۆمەتی \"پڕوپاگەندە دژی نیزام و بڵاوکردنەوەی هەواڵی تاوانبارانە\"، لە لایەن دادگای ئینقلابی شاری ورمێیەوە به یەکساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کراوە و ئەم حوکمە لە ڕۆژانی ڕابردوودا، لە دادگای پێداچوونەوەی ورمێدا، دیسان بەو شێوەیە، پەسەند کراوەتەوە.

٢٢ی خەزەڵوەری ساڵی ٩٦، بەرپرسی کاناڵی هەواڵدەریی \"ئورمیه دەنگ\"، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کراوە و ئەم کاناڵەش داخراوە.

ڕۆژی سێشەممە، ٤ی سەرماوەزی ١٣٩٦، \"سەلاحەدین ڕەنجبەر\"، بە دانانی بارمتە، هەتا کاتی پەسەندکرانی یەکجاریی حوکمەکەی لە لایەن دادگاوە، بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

کاناڵی هەواڵدەریی \"ئورمیه دەنگ\"، کە یەکێک لە کاناڵەکانی ورمێیە و بەردەنگێکی زۆری هەبوو، هەواڵی سیاسی، فەرهەنگی و کۆمەلایەتیی ئەم شارەی بڵاو دەکردەوە و لە لایەن وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشادیشدا تۆمار کرابوو.