بەرپرسی ئاژانسی هەواڵدەریی موکریان دەستبەسەر کرا

20:00 - 17 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: خوسرەو کوردپوور بەرپرسی ئاژانسی خەبەریی موکریان، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری مەهاباد دەستبەسەر کرا.

مەسعوود کوردپوور برای خوسرەو کوردپوور وێڕای پژڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە رایگەیاند: کە کاتژمێر ١ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنج‌شەممە رێکەوتی ١٧ی رەشەممە هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری مەهاباد وێڕای پشکنینی ماڵەکەی، ناوبراویان دەستبەسەر و بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتیان راگواستووە.

\"11450.jpg\"
مەسعوود کوردپوور ئەوەشی خستەڕوو کە خوسرەوی برای وێدەچێ بەهۆی چالاکییەکانی لە بواری مافی مرۆڤدا لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کرابێت.

پێشتریش خوسرەو کوردپوور لە ساڵی ١٣٨٠ی هەتاوی بەهۆی چالاکییەکانی لە بواری مافی مرۆڤدا لەلایەن هیزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو.

خوسرەو کووردپوور رۆژنامەنووس و بەرپرسی ئاژانسی هەواڵدەریی موکریان، ماوەی زیاتر لە ١٢ ساڵە لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران لە بواری مافی مرۆڤدا چالاکی دەکات.