بەرپرسانی حکوومەت، هۆکاری ئاگرکەتنەوەی دارستانەکانی سەردەشت بۆ کێشەی شەخسی دەگەڕێننەوە

20:53 - 13 گەلاوێژ 2719
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسی یەگانی ژینگەپاریزیی شاری سەردەشت، هۆکاری ئاگرگرتنی دارستانی گوندەکانی \"مەلاشێخ و شێنوێـ\"ـی کە سەدان هێکتار لە دارستانی کرد بە قەقنەس، بۆ کێشەی شەخسیی هاووڵاتییان گەڕاندەوە.

\"یووسفعەلی ئیبراهیم‌ پوور\"، بەرپرسی یەگانی ژینگەپاریزیی شاری سەردەشت، سەبارەت بە ئاگرتێبەردانی دارستانەکانی شاری سەردەشت وتی کە لەم ئاگرکەوتنەوەیەدا، دارستانەکانی سەردەشت خەسارێکی بەرچاویان پێنەگەیشتووە.

ئەو بەرپرسە حکوومەتییە لە درێژەی لێدوانە سەیروسەمەرەکەیدا، وتی: \"ئەو ئاگرکەتنەوەیە بە یارمەتیی خەڵک و هێزەکانی تر دوای دوو ڕۆژ کۆنترۆڵ کراوە و پێویستی بە هلیکۆپتێر بۆ کوژراندنەوە، نەبووە\".

\"یووسفعەلی ئیبراهیم پوور\"، هەروەها ڕایگەیاند: \"لێکۆڵینەوەکان لەو بارەیەوە دەستی پێکردووە و ئەگەری زۆرە ئەم ئاگرکەوتنەوەیە بەهۆی کێشەیەکی شەخسی بووبێت\".

ڕۆژی پێنجشەممە، ١٠ی گەلاوێژ، لێڕەواری گوندەکانی \"مەلا شێخ و شینوێ\"، سەر بە شاری سەردەشت، ئاگریان تێبەردرا و زیاتر لە ١٥٠ هێکتار لەو لێڕەوارانە بوو بە خۆڵەمێش.

لەو پەیوەندییەدا، ژینگەپارێزان ڕایانگەیاند: \"بەرپرسان دەیانەوێت قووڵیی ئەم کارەساتە بە کەم نیشان بدەن تا نابەرپرسیاریەتیی خۆیان بشارنەوە\".

دەوترێت کە وێڕای داواکاریی بەرپرسانی شاری سەردەشت، بەرپرسانی پارێزگای ورمێ، هیچ هەوڵێکیان بۆ ناردنی هێلیکۆپتێری ئاگرکوژێنەوە، نەدابوو.