بەرموور: پرژانە سەر ١٠ حاڵەتی پێشێلکردنی مافەکانی ژنان لەماوەی حەفتەی رابردوودا

20:31 - 21 بەفرانبار 2713
حەفتەی سێیەمی مانگی بەفرانباری ١٣٩٢ی هەتاوی

ئاژانسی کوردپا: راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور دەپرژێتە سەر ٣ حاڵەت پێشێلکردنی مافی ژنان لە کوردستان و ٧ حاڵەتی پێشێلکردنی مافی ژنان لە شوێنەکانی دیکەی ئێران.

\"بەرموور\" بە شێوەی دیاریکراو دەپرژێتە سەر بابەت و مەسەلەکانی ژنان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە ناوچەکانی دیکەی ئێران دەخرێنە پەراوێزەوە، بۆیە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا هەوڵ ئەدات بەپێی ئیمکان، گرینگی بە سەرجەم ناوچەکانی دیکەی ئێرانیش بدات.

راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور،٣ حاڵەتی پێشێلکردنی مافی ژنان لە کوردستان کە بریتییە لە دەستبەسەر کردنی شەرمین قادری لە ورمێ، خۆکوژیی دوو ژن لە مەریوان و ٧ حاڵەت پێشێلکردنی مافی چالاکانی ژن لە شوێنەکانی دیکەی ئێران کە بریتین لە دەستبەسەرکردنی ٣ ژنە چالاکی بەهایی و مەسیحی لە شارەکانی سیمنان و کەرەج ، بانگهێشت کردنی ساجیدە عەرەب سورخی بۆ دادگا و ئازادی مەرجداری ٣ ژنە چالاکی بەهایی لە بەندیخانەکانی مەشهەد و سیمنان لەخۆ دەگرێت.

کوردستـــــــــــان

چالاکێکی کورد لە شاری ورمێ دەستبەسەر کرا

لە ماوەی حەفتەی رابردوودا، یەکێک لە چالاکانی کوردی مافەکانی مرۆڤی دانیشتووی مەهاباد، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری ئورمیەوە دەستبەسەر کرا.

\"17786.jpg\"
شەرمین قادری خوێندکاری کارناسی باڵای ورمێ، رۆژی چوارشەممە ١١ی بەفرانبار، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر کرا.

دەگوترێت شەرمین قادری بەهۆی نووسینی چەند نامە لەمەڕ ئەستاندنی پارە لە قوتابیانی ئوستانی ورمێ بۆ بەرپرسانی ئیدارەی پەروەردەی ئەو ئوستانە دەستبەسەر کراوە.

شەرمین قادری تەمەن ٢٩ ساڵ و کچی محێدین، خوێندکاری رشتەی کارگێڕیی زانکۆی ورمێ و دانیشتووی شاری مەهابادە.

بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، سەرەتای وەرزی پاییزەوە هەتا ئێستا ٥ ژنە چالاکی کورد لە ئێـران دەستبەسەر کراون.

٢ ژن لە مەریوان خۆیان کوشت

لە ماوەی حەفتەی رابردوودا و لە درێژەی رەوتی خۆکوژیی ژنان و کچانی کورد لە کوردستانی ئیران، ٢ ژن لە شاری مەریوان هەوڵی خۆکوژییان داو بەو هۆیەوە گیانیان لەدەست دا.

\"17787.jpg\"
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە،رۆژی شەممە ١٤ی بەفرانبار، ژنێکی تەمەن ٦٠ ساڵ بەناوی \"رەزیە\" دانیشتووی گوندی \"کەڕاوا\"ی شاری مەریوان بەهۆی ئەوە کە تووشی کوێڕی و ناهومێدی هاتبوو، هەوڵی خۆکوژی داو لە ئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.

دەگوترێت ئەو ژنە بەساڵاچووە کە ٤ منداڵ و مێردیشی هەبووە، بەهۆی هیوابڕاوی لەژیان، لەرێگەی خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە.

لەلایەکی دیکەوە و لە ماوەی رۆژانی رابردوودا، ژنێکی کورد بە ناوی نەسرین هوژەبری لە رێگەی خواردنی \"حەب\"ـەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

هۆکاری خۆکوژیی ئەو ژنە کوردەی دانیشتووی شاری مەریوان هەتا ئێستا روون نەبووەتەوە.

ئێــــــــــران

سێ ژنە چالاکی مەزهەبی لە شارەکانی کەرەج و سیمنان دەستبەسەر کران

لە ماوەی رۆژانی رابردوودا سێ ژنە چالاکی مەزهەبی لە شارەکانی کەرەج و سیمنان بە هۆی باوەڕمەندی بە ئایینەکانی مەسیحی و بەهای، لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کران.

\"17785.jpg\"
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ١٠ی بەفرانبار، چالاکێکی ژن بە ناوی سارا رەحیمی‌نژاد، کە بە تازەیی بووەتە پەیڕەوی ئایینی مەسیحی، هاوڕێ لەگەڵ سێ کەسی دیکە لە پەردیسی کەرەج، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.

هەروەها رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٣ی بەفرانباریش، دوو کەسی دیکەی پەیڕەوی ئایینی مەسیحی بە ناوەکانی فائیقە نەسروڵڵاهی و مەستانە رەستگاری لە یەکێک لە شوینە ئایینییەکانی رۆژهەڵاتی تاران دەستبەسەر کرابوون.

لە لایەکی دیکەوە، رۆژی چوارشەممە ١٨ی بەفرانبار، شیدڕوخ و گوڵڕوخ فەڕوخیان بەبێ ئاگادارکردنەوە پێشوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سیمنانەوە دەستبەسەر و بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەیان رەوانەی بەندیخانە کران.

لە ماوەی حەفتەی رابردوودا، سزای ٩ مانگ زیندانیی تەعزیریی ئەو دوو هاووڵاتییە بەهاییە، لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی شاری سیمنانەوە بۆ ٦ مانگ زیندانی تەعزیری کەم کرابووە.

ساجیدە عەرەب‌سورخی بانگهێشتی دادگا کرا

لە ماوەی حەفتەی رابردوودا، ساجیدە عەرەب‌سورخی، رۆژنامەنووس و یەکێک لە چالاکانی مدەنیی شاری تاران، بانگهێشتی دادگا کرا.

\"17789.jpg\"
ساجیدە عەرەب‌سورخی، رۆژنامەنووس و یەکێک لە چالاکانی مدەنیی شاری تاران، بانگهێشتی دادگا کرا
بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، بۆ رۆژی ٦ی رێبەندان بانگ‌هێشتی لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەڵەواتی کراوە.

ناوبراو کە کچی فەیزوڵڵا عەرەب‌سورخی لە ئەندامانی شوورای ناوەندیی رێکخراوی موجاهیدینی ئینقلابی ئیسلامی ئێران، رۆژی یەکشەممە ٣ی سەرماوەز، پاش بانگهێشت کران بۆ دادسەرای ئێڤین، دەستبەسەر کرابوو.

ساجیدە عەرەب سورخی، پاش ٢٤ کاتژمێـــر و بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ ملیۆن تمەنی لە زیندان ئازاد کرا.

فەیزوڵڵا عەرەب سورخی، ئەندامی شۆڕای ناوەندیی رێکخراوی موجاهیدینی ئینقلابی ئیسامی ئێرانە، کەلە رووداوەکانی دوای هەڵبژاردنی خوولی دەیەمی سەرکۆماری لە ساڵی ١٣٨٨ی هەتاویدا، دەستبەسەر و بۆ ماوەی ٤ ساڵ لە زیندان بوو.

ناوبراو ماوەیەک پێش دەستبەسەر کرانی لە زیندان ئازاد کرابوو.

سێ ژنە چالاکی بەهایی لە بەندیخانە ئازاد کران

لە ماوەی حەفتەی برابردوودا، سێ ژنە چالاکی بەهایی، کە لە بەندیخانەکانی سیمنان و مەشهەد دەستبەسەر کرابوون، بە کەڵک وەرگرتن لە یاسای ئازادیی مەرجدار لە بەندیخانە ئازاد کران.

\"17788.jpg\"
بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، ئیلهام روزبەهی یەکێک لە بەندکراوانی بەهایی دانیشتووی شاری ئیسفەهان، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٨ی بەفرانبار، بە کەڵک وەرگرتن لە یاسای ئازادیی مەرجدار لە بەندیخانەی سیمنان ئازاد کرا.

ناوبراو کە دایکی منداڵێکی تەمەن ١ ساڵانیشە، رۆژی شەممە ٧ی خاکەلێوە، بە مەبەستی بەڕێوە چوونی ماوەی حوکمەکەی خۆی بە ئیدارەتی بەڕێوەبردنی حوکمەکانی سیمنان ناساند و هەر لەوێ دەستبەسەر و رەوانەی بەندیخانەی سیمنان کرابوو.

لەلایەکی دیکەوە، لە ماوەی رۆژانی رابردوودا، نیگار مەلەک‌زادە و بێهناز حەدازدزادە، دوو هاوڵاتیی بەهایی بەندکراو لە بەندیخانەی وەکیل‌ئابادی مەشهەد، دوای تێپەڕاندنی ٢ مانگ لە سزاکەیان و بە کەڵک وەرگرتن لە یاسای ئازادیی مەرجدار لە بەندیخانە ئازاد کران.

ئەو دوو ژنە هاوڵاتییە بەهاییە بە تاوانی \"پڕوپاگەندە دژی نیزام\" بە ٦ مانگ زیندانیی تەعزیری مەحکوم کرابوون.

سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ( ٣ حاڵەت)
هەواڵدەریی هێرانا (٢حاڵەت )
ماڵپەڕی کۆمیتەی هەواڵنێرانی مافی مرۆڤ (٢ حاڵەت )
ماڵپەڕی \" جمعیت مبارزە با تبعیض تحصیلی\" (٢ حاڵەت )