بەرموور: پرژانە سەر ٧ حاڵەتی پێشلکردنی مافەکانی ژنان لە ماوەی حەفتە رابردوودا

20:57 - 16 سەرماوەز 2713
حەفتەی دووهەمی مانگی سەرماوەزی ١٣٩٢ی هەتاوی

ئاژانسی کوردپا: راپۆرتی ئەم حەوتوویەی بەرموور دەپرژێتە سەر ٤ حاڵەت پێشلکردنی مافی ژنان لە کوردستان و ٣ حاڵەتی پێشلکردنی مافی ژنان لە شوێنەکانی دیکەی ئێران.

\"بەرموور\" بە شێوەی دیاریکراو دەپرژێتە سەر بابەت و مەسەلەکانی ژنان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە ناوچەکانی دیکەی ئێران دەخرێنە پەراوێزەوە، بۆیە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا هەوڵ ئەدات بەپێی ئیمکان، گرینگی بە سەرجەم ناوچەکانی دیکەی ئێرانیش بدات.

راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور، ٤ حاڵەت پێشلکردنی مافی ژنان لە کوردستان کە بریتییە لە ناڕوونی چارەنووسی ئەفسانە بایزیدی و دەستبەسەرکرانی کەژاڵ هوژەبری لە ماڵەکەی خۆیدا و خۆکوژیی کچێک و کوژرانی ژنێک لە شاری مەهاباد و هەروەها ٣ حاڵەت پێشلکردنی مافی چالاکانی ژن کە بریتین لە بڕینەوەی حوکمی زیندان بۆ دوو چالاکی بەهایی و گەڕانەوەی \"لوا خانجانی\" بۆ زیندان لە شوێنەکانی دیکەی ئێراندا لەخۆ دەگرێت.
کوردستـــــــــــان
ناڕوونی چارەنوسی ئەفسانە بایزیدی و زیندانی کرانی کەژالێ هوژەبری لە ماڵەکەی خۆیدا

پاش سێ حەفتە لە دەستبەسەر کران، چارەنووسی ئەفسانە بایزیدی ناڕوونە و کەژاڵ هوژبەریش پاش ئازاد کران لە زیندا، لە ماڵەەی خۆیدا زیندانی کراوە.

\"17253.jpg\"
بە پێی ئەو هەواڵانەی کوونە بڵاو بوونەتەوە، چارە نووسی ئەفسانە بایزیدی، خوێندکاری زانکۆی پەیام نووری شاری بۆکان، دوای سێ حەفتە لە دەستبەسەر کران ناڕوونە ماوەتەوە.

ئەفسانە بایزیدی رۆژی شەممە ٢٥ی خەزەڵوەر هاوڕێ لەگەڵ براکەی بە ناوی شاهۆ بایزیدی لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئیرانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرابوونەوە.

هەتا ئێستا لە شوینی راگیران و هۆکاری دەستبەسەرکرانی ئەفسانە و شاهۆ بایزیدی ناڕوون ماوەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری مەریوان کەژاڵ هوژەبری کە ١٣ی خەزەڵوەر دەستبەسەر و پاش ٢٠ رۆژ دەستبەسەری بەدانانی بارمتە ئازاد کرا بوو، لە ماڵەکەیدا زیندانی کردووە و رێگەی هاتووچۆی بۆ دەرەوەی ماڵ لێ گیراوە.

\"17225.jpg\"
زیندانی کردنی کەژاڵ هوەبری لە حاڵیک دایە کە ناوبراو دایکی سێ منداڵی تەمەن ٥ هەتا ١١ ساڵەیە و ئەو منداڵانەش بەناچاری لەگەل دایکان لە ماڵەوە ماونەتەوە
ناوبراو رۆژی دووشەممە ١٣ی خەزەڵوەر، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێرانەوە لە گوندی \"بەردە رەشە\" دەستبەسەر و رەوانەی ئیتلاعاتی شاری مەریوان کرابوو.

کەژاڵ هوژەبری کە بەهۆی چالاکیی سیاسیی هاوسەرەکەیەوە دەستبەسەر کراوە، ٣ منداڵی بەناوەكانی محەممەد تەمەن ١١ ساڵ، مەتین تەمەن ٦ ساڵ و لاوێن تەمەن ٥ ساڵ‌هەیە و هەنووکە ئەو منداڵانە بێ سەرپەرست ماونەتەوە\".

پێشتریش کەژاڵ هوژەبری لە مانگی رەشەممەی ساڵی ٩١ی هەتاویدا، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر و وێڕای لێپرسینەوە، داوایان لێكردوە بە زووترین كات لە عەلی دانش جیا بێتەوە.

خۆکوژی کچێکی لاو وکوژرانی ژنێک لە مەهاباد

لە رۆژانی حەفتەی رابردوودا، کچێکی لاو لە شاری مەهاباد دوای دەرکران لە قوتابخانە هەوڵی خۆکوژی دا و کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا و ژنێکیش بە دەست مێردەکەی گیانی لێ ئەستێندرا.

\"17250.jpg\"
بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، لەیەکێک لە قوتابخانە دواناوەندییەکانی شاری مەهاباد کچە خوێندکارێک بەناوی \"ژاڵە\" پاش ئەوەی بەرەوڕووی دەرکران لە خوێندنگە بوویەوە، کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

ئەو کچە خوێندکارەی خوێندنگەی دواناوەندیی \"فەرزانگان\"ی شاری مەهاباد، بەهۆی ئەوەی کە کتێبێکی سەبارەت بە ژیان هاوبەش (ژن و مێردایەتی) پێ بووە، لەلایەن بەرپرسانی ئەو خوێندگەیەوە بەرەوڕووی دەرکران بۆتەوە.

 بەرپرسانی خوێندنگەی \"فەرزانەگان\" بنەماڵەی ئەو کچە خوێندکارەیان سەبارەت بە پێ بوونی ئەو کتێبە ئاگادار کردۆتەوە و لە ئەنجامدا ژاڵە بەهۆی زەخت و فشاری دەروونییەوە، هەوڵی خۆکوژیی داوە.

لەلایەکی دیکەوە، رۆژی شەممە ٩ی سەرماوەز، ژنێک بە ناوی پەروین تەهایی کچی عوسمان، بە دەستی هاوسەرەکەی بە ناوی سوڵتان پێشەنگ کوژرا.

سوڵتان کە ئەندامێکی سپای پاسداران بووە، بە کەڵک وەرگرتن لە چەک کۆتایی ژیانی ژنەکەی خۆی هێناوە.

هەتا ئێستا هۆکار یان هۆکارەکانی کوژرانی پەروین بە دەستی هاوسەرەکەی بە ناڕوونی ماوەتەوە.

ئێــــــــــران
دوو هاوڵاتیی بەهایی بە ٦ ساڵ زیندان مەحکووم کران

لە ماوەی حەفتەی رابردوودا، دادگای شۆڕشی شاری یەزد حوکمی ٦ ساڵ زیندانی تەعزیریی بە سەر دوو هاوڵاتیی بەهایی ئەو شارەدا سەپاند.

\"17249.jpg\"
بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، شەونم موتەحد و فەریبا ئەشتەری دوو هاووڵاتیی بەهایی دانیشتووی یەزد، لەلایەن دادگای شۆڕشێ ئەو شارەوە هەر کامەیان بە ٣ ساڵ زینندانی تەعزیری مەعکووم کران.

ئەم حوکمە لە دادگای پێشەکیی پێڕاگەیشتن بە تاوانەکانی ئەوم دوو هاوڵاتییە بەهاییە لە رێکەوتی دووی خەرمانانی ئەمساڵ دەرکراوە.

ئەم دوو هاووڵاتییە بەهاییە لە گەلاویژی ساڵی ١٣٩١ دەستبەسەر و پاش ماوەیەک بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوون.

لوا خانجانی گەڕایەوە بۆ زیندان

لوا خانجانی هاوڵاتی بەهایی دانیشتووی تاران پاش کۆتایی هاتنی ماوەی مەرەخەسییەکەی، خۆی بە بەپرسانی زیندانی ئێڤین ناساند.

\"17251.jpg\"
لوا خانجانی هاووڵاتیی بەهایی دوای کۆتایی هاتنی ماوەی مورەخەسییەکەی گەڕایەوە زیندانی ئێڤین
بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، لوا خانجانی هاووڵاتیی بەهایی و خوێندکاری بێبەش کراو لە خوێندن دوای کۆتایی هاتنی ماوەی مورەخەسییەکەی گەڕایەوە زیندانی ئێڤین.

ناوبراو رۆژی چوارشەممە ١٩ی پووشپەڕ بە شێوەی مەرەخەسیی کاتی هاتبووە دەرەوە و حەفتەی رابردوو گەڕایەوە بۆ زیندان.

لوا خانجانی رێکەوتی ١٣ی بەفرانباری ساڵی ١٣٨٨ هاوڕێ لەگەڵ هاوسەرەکەی بە ناوی \"بابە موبەشر\" دەستبەسەر و دواتر لە لایەن لقی ٥٤ی دادگای پێداچوونەوە بە بەرپرسارەتیی دادوەر \"محەد\" بە دووساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.

سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ( ٣ حاڵەت)
ماڵپەڕی هێرانا (٢حاڵەت )
ماڵپەڕی \" دانشجو نیوز\" ( ١ حاڵەت )
ماڵپەڕی کوردستان و کورد ( ١ حاڵەت )