بەرموور: پرژانە سەر ٥ حاڵەت پێشێلکردنی مافەکانی ژنان لە ماوەی حەفتە رابردوودا

20:55 - 10 رەشەمه 2713
حەفتەی دووەمی مانگی رەشەمەی ١٣٩٢ی هەتاوی

ئاژانسی کوردپا: راپۆرتی ئەم حەوتوویەی بەرموور دەپرژێتە سەر ٢ حاڵەت پێشێلکردنی مافی ژنان لە کوردستان و ٣ حاڵەتی پێشێلکردنی مافی ژنان لە شوێنەکانی دیکەی ئێران .

\"بەرموور\" بە شێوەی دیاریکراو دەپرژێتە سەر بابەت و مەسەلەکانی ژنان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە ناوچەکانی دیکەی ئێران دەخرێنە پەراوێزەوە، بۆیە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا هەوڵ ئەدات بەپێی ئیمکان، گرینگی بە سەرجەم ناوچەکانی دیکەی ئێرانیش بدات.

راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور،٢ حاڵەت پێشێلکردنی مافی ژنان لە کوردستان کە بریتییە لە بێبەش بوونی ٢ زیندانی سیاسیی کورد لە مافی مەرەخەسی و چاوپێکەوتن و ٣ حاڵەت پێشێلکردنی مافی چالاکانی ژن لە شوێنەکانی دیکەی ئێراندا، کە پشتڕاست کردنەوەی حوکی ١٢٩ مانگ زیندان بۆ ٣ ژنە چالاکی بەهایی لە خۆ دەگرێت.

کوردستـــــــــــان

دوو زیندانیی سیاسیی کورد لە مافی مەرەخەسی و چاوپێکەوتن بێبەش کراون

لە ماوەی چەند حەفتەی رابردوودا، دوو کەس لە زیندانیانی ژنی کورد، کە لە زیندانی ناوەندیی شاری یاسووج راگیراون، لە مافی چوونە مەرەخەسی و چاوپێکەوتن بێبەش کراون.

\"18547.jpg\"
بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، لە ماوەی چەند حەفتەی رابردوودا، دوو زندانی سیاسیی کورد بە ناوەکانی \"رۆژین پایا \" و \"قدریە قادری\" کە لە بەندی نستوانی زیندانی یاسوج راگیراون، لە مافی مەرەخەسی و چاوپێکەوتن بێبەش کراون.

قەدریە قادری تەمەن ٢٦ ساڵ، کە پووشپەڕی ساڵی ١٣٨٩ لەلایەن هێـزە ئەمنیەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێـرانەوە لە شاری ورمێ دەستبەسەر کرا و بۆ ماوەی ٢ مانگ لە ژوورە تاکە کەسییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە لە دەستبەسەری‌دا بوو.

ئەو ژنە زیندانییە کوردەی خەڵکی کوردستانی تورکیە، بە تۆمەتی تێکدانی تەناهیی نەتەوەیی و ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردی-دا، بە ١٠ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کراو دواتر لە دادگای پێداچوونەوەدا ئەوحوکمە بۆ ٧ ساڵ زیندانیی تەعزیری و دوور خرانەوە بۆ زیندانی یاسووج گۆڕدرا.

رۆژین پایا ژنە زیندانیی سیاسیی کوردی بەندکراو لە زیندانی ورمێ، پاش ٣ ساڵ راگیران لە زیندانی ناوەندیی ورمێ (دەریا) بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی بۆ زیندانی یاسوج گوازرایەوە.

رۆژین پایا خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی دەوروبەری ورمێ‌یە کە ساڵی ١٣٨٩ بە تاوانی ئەندامەتی و لایەنگری لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان دەستبەسەر کرا و دواتر لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای ئینقلابی ورمێ‌وە حوکمی ٦ ساڵ زیندانیی تەعزیری بۆ برایەوە.
ئەو دوو زیندانییە کوردە کۆتاییەکانی خەرمانانی ئەمساڵ بۆ بەندنی نستوانی زیندانی ناوەندیی یاسووج گوازرانەوە.

ئێــــــــــران

پشتڕاست کردنەوەی ١٢٩ مانگ زیندانی تەعزیری بۆ ٣ ژنە چالاکی بەهایی

دادگای پێداچوونەوەی ئوستانی خۆراسانی رەزەوی حوکمی ١٢٩ مانگ زیندانی تەعزیری بۆ ٣ چالاکی ژنی بەهایی پشتڕاست کردەوە.

\"18545.jpg\"
دادگای پێداچوونەوەی ئوستانی خۆراسانی رەزەوی حوکمی کۆتایی ٣ چالاکی ژنی بەهایی راگەیاندووە
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، لقی ٢٠ی دادگای پێداچوونەوەی ئوستانی خۆراسانی رەزەوی حوکمی کۆتایی ٣ چالاکی ژنی بەهایی راگەیاندووە.
بەو پێیە، حوکمی سەرەتایی دوو خۆشکی بەهایی بە ناوەکانی نیکا و نەوا خلوسی وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە.، کە نیکا خلوسی بە ٦ ساڵ زیندانی تەعزیری و نەوا خلوسی بە ٤ ساڵ و نیو زیندانی تەعزیری سزا درابوون.

هەروەها بەپێی ئەو بڕیارەی دادگای پێداچوونەوە، حوکمی سەرەتایی \"مەهسا مەهدەوی\" لە ٨ مانگ زیندانی تەعزیرییەوە بۆ ٣ مانگ و یەک رۆژ زیندانی تەعزیری کەم کرایەوە.

حوکمی سەرەتایی ئەو هاوڵاتییە بەهاییانە، لەلایەن لقی ٣ی دادگای شۆڕشی مەشهەدەوە و بە تۆمەتی \"پروپاگەندە دژی نیزام\" و \"ئەندامەتی لە رێکخستنی نایاسایی بەهاییەکان\" دەرکرابوو.

سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا (٢ حاڵەت)
ماڵپەڕی هیرانا (٣حاڵەت)