بەرموور: پرژانە سەر ٨ حاڵەت پێشلکردنی مافی ژنان لەماوەی حەفتە رابردوودا

21:30 - 14 بەفرانبار 2713
حەفتەی دووهەمی مانگی بەفرانبار ١٣٩٢ی هەتاوی

ئاژانسی کوردپا: راپۆرتی ئەم حەوتوویەی بەرموور دەپرژێتە سەر ٣ حاڵەت پێشێلکردنی مافی ژنان لە کوردستان و ٥ حاڵەتی پێشێلکردنی مافی ژنان لە شوێنەکانی دیکەی ئێران.

\"بەرموور\" بە شێوەی دیاریکراو دەپرژێتە سەر بابەت و مەسەلەکانی ژنان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە ناوچەکانی دیکەی ئێران دەخرێنە پەراوێزەوە، بۆیە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا هەوڵ ئەدات بەپێی ئیمکان، گرینگی بە سەرجەم ناوچەکانی دیکەی ئێرانیش بدات.

راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور، ٣ حاڵەتی پێشێلکردنی مافی ژنان لە کوردستان کە بریتییە لە بێبەش ئەفسانە بایزیدی لە مافی خوێندن و خۆکوژی دوو ژن لە شارەکانی ئیلام و کامیاران و ٥ حاڵەت پێشێلکردنی مافی چالاکانی ژن لە شوێنەکانی دیکەی ئێراندا کە بریتین لە دەستبەسەرکردنی دوو ژنی پەیڕەوی ئایینی مەسیحی و کەمکردنەوەی ماوەی حەبسی گولڕوخ و شیدروخ فیروزیان لە دادگای پێداچوونەوەدا و هەروەها بێبەش بوونی کچە خوێندکارێکی بەهایی لە مافی خوێندن،لەخۆ دەگرێت.

کوردستـــــــــــان

خۆکوژیی کچێکی لاو لە کامیاران
\"17692.jpeg\"
لە ماوەی حەفتەی رابردوودا، کچێکی لاوی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی دەورووبەری شاری کامیاران لە رێگەی خۆ هەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆپی هێنا.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ١٢ی بەفرانبار، کچێکی تەمەن ١٨ ساڵ بە ناوی \"مەهتاب ئیسحاقی\" کچی \"ساتیار\" دانیشتووی گوندی \"تا\" سەر بە ناوچەی کامیاران کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

ناوبراو بەهۆی کێشەی بنەماڵەیی و لە رێگەی خۆ هەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
مەهتاب ئیسحاقی چەند رۆژ پێش ئێستاش لە رێگەی خواردنی حەبەوە هەوڵی خۆکوژی دابوو.

خۆکوژی ژنێکی ئیلامی پاش رفێندران
لە ماوەی حەفتەی رابردوودا، هەواڵی خۆکوژیی ژنێکی ئیلام پاش رفێندران لەلایەن چەند کەسەوە بڵاو کرایەوە.

\"17690.jpg\"
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، ژنێکی تەمەن ٢٨ ساڵەی کورد لەئیلام بەناوی \"زارا\" کە سکرتێری سەنتەرێکی پزیشکی و دایکی منداڵێکیش بووە، رۆژی ٢٧ی سەرماوەز لە حەمامی ماڵەکەیاندا کۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە.

رۆژی ٢٥ی سەرماوەز سێ کەس ئەو ژنە کوردەیان رفاندووە و پاش دوو رۆژ ئازادیان کردووە کە دوابەدوای گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە ئاگری لەجەستەی خۆی بەرداوە و کۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، پۆلیسی ئیلام بڕیارە ئەو سێ کەسە ئازاد بکات، ئەوەش لەحاڵێک دایە کە بەشێوەی پێویست لە پەیوەندی لەگەڵ رفاندنی ئەو ژنە کوردە لێکۆڵینەوەیان ئەنجام نەداوە.

ئەفسانە بایزیدی لە مافی خوێندن بێبەش کرا
لەماوەی رۆژانی رابردوودا، ئەفسانە بایزیدی یەکێک لە چالاکانی خوێندکاریی کورد کە ماوەیەک پێش ئێستا لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو، لە مافی خوێندن بێبەش کرا.

\"17689.jpg\"
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، ئەفسانە بایزیدی کچە خوێندکاری زانکۆی پەیام‌نووری بۆکان پاش ئازاد کران لە زیندان، لەلایەن حەراستی ئەو زانکۆیەوە پێی راگەیاندراوە: \"هەتا ئەو کاتەی دادگایی نەکرێی، مافی هاتنە زانکۆت نیە\".

ئەفسانە بایزیدی کچە خوێندکاری زانکۆی پەیام‌نووری شاری بۆکان، دوابەدوای ئازاد کران لەزیندان، بە مەبەستی درێژەدان بەخوێندن سەردانی زانکۆی کردۆتەوە، بەڵام لەلایەن بەرپرسانی حەراسەتی زانکۆوە بەرەوڕووی ئەو بڕیارە بۆتەوە.

ئەو کچە خویندکارە رێکەوتی ٢٥ی خەزەڵوەری ئەمساڵ هاوڕێ لەگەڵ براکەی بەناوی \"شاهۆ بایزیدی\"، دەستبەسەر کرا.

ئەو خوشک و برا بۆکانییە، پاش زیاتر لە ٢٠ رۆژ دەستبەسەری و راگیران لە ئیتلاعاتی شاری بۆکان، بە دانانی بارمتەی ١٠٠ ملیۆن تمەنی و بەشێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کران.

بڕیاری حەراسەتی زانکۆی پەیام‌نووری شاری بۆکان لە کاتێک دایە، کە ئەو کچە خوێندکارە پاش ئازاد کران لەزیندان، هەتا ئێستا بانگهێشتی لقی بازپۆرسیی دادگا نەکراوە و ئەگەری ئەوە دەکرێ کە ماوەی لێکۆڵینەوە و دادگایی کردنەکەی زیاتر لە ٦ مانگ بخایەنێت.

ئێــــــــــران

نیلیسا یەحیەوی لە مافی خوێندن بێبەش کرا
لە ماوەی رۆژانی رابردوودا، نیلیسا یەحیەوەی یەکێک لە خوێندکارانی کارناسیی زانکۆی سیمنان، بە هۆی بڕوامەند بوون بە ئایینی بەهاییەوە لە مافی خوێندن بێبەش کرا.

\"17691.jpg\"
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، نیلیسا یەحیەوی، کە دەرچووی کارناسیی زمان و وێژەی فارسی لە ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی بووە، ساڵی ٩١ بە مەبەستی درێژەدانی خوێندن لە ئاستی کارناسیی باڵا لە کونکوردا بەشداری کردووە، کە لە جیاتی دانەوەی پلەکەی پەروەندەکەیان راگرتووە.

ناوبراو هەروەها لە ساڵی ٩٢ لە تاقیکردنەوەکانی کارناسیی باڵا بەشداری کردبوو، کە لە بەشی رۆژانەی زانکۆی سیمنان قەبووڵ کرابوو، بەڵام دوای یەک حەفتە بەشداریکردن لە وانەکان، دوای بانگهێشت کران و لێپرسینەوە لەسەر بڕوا ئایینییەکانی، لە مافی خویندن بێبەش کراوە.

کەمکردنەوەی ماوەی زیندانی گوڵڕوخ و شیدڕوخ فیروزیان لە دادگای پیداچوونەوەدا

\"17694.jpg\"
لە رۆژانی حەفتەی رابردوودا، حوکمی زیندانی تەعزیریی دوو چالاکی ژنی پەیڕەوی ئایینی بەهایی لە دادگای پیداچوونەوەدا کەم کرایەوە.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، حوکمی ٩ مانگ زیندانی تەعزیریی شیدڕوخ و گوڵڕوخ فیرووزیان لە هاوڵاتییانی بەهایی دانیشتووی سیمنان، لە دادگای پیداچوونەوەدا بۆ ٦ مانگ زیندانی تەعزیری کەم کرایەوە.

گوڵڕوخ و شیدڕوخ رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٤ی رێبەندانی ١٣٩١ی هەتاوی، هێزە ئەمنیەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران هێرشیان کردۆتە سەر ماڵی \"گوڵرۆخ فیرووزیان\" و وێڕای پشکنینی ماڵی ئەو هاووڵاتییە بەهاییە، دەستیان بەسەر کۆمپیوتێر و کۆمەڵێک لە کتێبەکانیدا گرتووە.
ئەو دوو هاوڵاتییە بەهاییە هەنووکە بە دانانی بارمتە ئازاد کراون.

دوو ژنی پەیڕەوی ئایینی مەسیحی دەستبەسەر کران
لە حەفتەی رابردوودا، دو ژنی مەسیحی لە رۆژهەڵاتی شاری تاران، بە دەستی هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کران.

\"17687.jpg\"
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، لەدرێژەی گوشار بۆ سەر پەیڕەوانی ئایینی مەسیحی لە ئێراندا، رۆژی سێشەممە ٣ی بەفرانبار، ٥ پەیڕەوی ئایینی مەسیحی کە دو کەسیان بە ناوەکانی \"فائیقە نەسروڵڵاهی\" و \"مەستانە رەستگاری\" ژن بوون، لە خانووی یەکێک لە پەیڕەوانی ئەو ئایینەدا دەستبەسەر کران.

هێزە ئەمنییەتییەکان لە حاڵێکدا ئەو دوو ژنەیان دەستبەسەر کردووە کە هاوڕێ لە گەڵ ٣ کەسی دیکە سەرقاڵی بە جێهێنانی رێوڕەسمە ئایینمییەکانی سەری ساڵی زایینی بوون.

هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە هێزە ئیتلاعاتیەکان وێڕای بێ رێزی بە بەشداربووانی ئەو رێوڕەسمە، دەستیان داوەتە پشکنینی ماڵی موهەندید حوسەینی و لەپ‌تاب و هێندێکی دیکە لە کەرەستە تایبەتییەکانی ناوبراویان زەوت کردوە و دەستیان بەسەردا گرتووە.

سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ( ٣ حاڵەت)
ماڵپەڕی هێرانا (٢حاڵەت)
ماڵپەڕی کۆمیتەی هەواڵنێرانی مافی مرۆڤ (٢ حاڵەت)
ماڵپەڕی \"خەبات بەدژی هەڵواردنی خوێندن\" (٢ حاڵەت)