"بەرموور" راپۆڕتی حەفتانەی ئاژانسی کوردپا سەبارەت بە پرسی ژنان

01:50 - 14 رێبەندان 2712
حەفتەی دووەمی مانگی رێبەندانی ١٣٩١

ئاژانسی کوردپا بەمەبەستی زیاتر زەق کردنەوە و تاوتوێ کردنی مەسەلە پەیوەندیدارکانی تایبەت بە ژنان، لەمەو بەدوا هەر حەفتە راپۆرتێک لەژێر ناوی \"بەرموور\" بڵاو دەکاتەوە.

ئامانجی سەرەکیی لە بڵاوکردنەوەی ئەم راپۆرتە تایبەتییە، زەق کردنەوەی پێشلکارییەکانی دەرهەق بە ژنان و هەروەها سەرجەم چالاکییەکانی ژنان کە لەلایەن ژنان و رێکخراوەکانی پەیوەندیدار بە ژنانەوە ئەنجام دەدرێت.

بەهۆی بەربڵاوی و گرینگیی ئەم بابەتە و هەروەها نەبوونی دەنگدانەوە لە ناو مێدیاکاندا، \"بەرموور\" بە شێوەی دیاریکراو دەپرژێتە سەر بابەت و مەسەلەکانی ژنان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە ناوچەکانی دیکەی ئێران دەخرێنە پەراوێزەوە، بۆیە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا هەوڵ ئەدات بەپێی ئیمکان، گرینگی بە سەرجەم ناوچەکان دیکەی ئێرانیش بدات.

راپۆرتی ئەم حەفتەیە کوژرانی ٢ ژن لە کوردستان و دیمانە لەگەڵ \"شلێر باپیری\" چالاکی مافەکانی ژنان، ئازاد کرانی فریشتە شیرازی، رێگری لە مەرەخەسیی \"رزیتا واسقی\" و بەردەوامیی هەڵاواردن لەهەمبەر ژنان و زیادبوونی ٢٠% گیرۆدەبوونی ژنان بە مادەی هۆشبەر لە خۆ دەگرێت.

کوردســــــــــــــــــتان
کوژرانی ٢ ژن بەدەستی کەس و کاری نزیکی خۆیان

لە ماوەی رۆژانی حەفتەی رابردوودا ٢ ژن لە شارەکانی سەقز و دیواندەرە بە دەستی کەس‌وکاری نزیکی خۆیان بەشێوەی دڕندانە گیانیان لێ ئەستێندرا.

سەرلە ئێواری رۆژی شەممە رێکەوتی ٧ی رێبەندان ژنێکی تەمەن ٢٧ ساڵ بە ناوی \"پەریسا قەیسەری\" دانێشتووی گوندی \"باقراوا\"ی دیواندەرە بە خنکێندراوی لە ماڵەکەی خۆیاندا دۆزرایەوە.

ئەو ژنە کە ٣ ساڵ پێش ئێستا لەگەڵ کوڕیکی ئەو گوندە ژیانی هاوبەشی پێکهێنابوو، لەو ماوەیەدا بە چەندین جار لەلایەن هاوسەرەکەیەوە بەروڕووی توندوتیژی ببویەوە.

شایەتحاڵان رایانگەیاندبوو کە ئەو ژنە پێش کوژرانی بەتوندی ئەشکەنجە درابوو و تەنانەت بە ئامووردەست گۆشتی جەستە هەڵکەندرابوو.

\"10941.jpg\"
شلێر باپیری هۆکاری سەرەکی بۆ کوشتنی ژنانی بۆ \"کوشتنی ناموسی\" گەڕاندۆتەوە کە لە کۆمەلگەکەماندا زۆر باوە. کوشتنی ناموسی وەحشیانەترین و توندترین شێوەی توندوتیژی دژ بە ژنانە کە گوایە بۆ پاراستنی ناموسی پیاوەکەیە، ئەمەش ریشەی لە دابونەریت و یاساکانی کۆمەلگەدا هەیە کە پیاوان دایانڕشتووە.

لەلایەکی دیکەوە پێاوێکی ٥٥ سالە لە گەڕەکی بلواری شاری سەقز، هاوسەرەکەی خۆی کوشووە و پاشان تەرمەکەی پارچە پارچە کردووە.

خێڵەکی بوونی کۆمەڵگە، نەبوونی یاسا بۆ سزادانی تاوانباران و هەروەها پیاوان هاوسەرەکانیان کە وەک هاووڵاتیی دەرەجە ٢ سەیر دەکەن ئەمانە و کۆمەڵێک فاکتەری دیکە دۆخێکیان خولقاندووە کە ئاماری کوشتن و خۆ کوشتنی ژنان لە کوردستان رۆژ لە دوای رۆژ روو لە زیاد بوون بکات.

شلێر باپیری لەو پەیوەندییەدا دەڵێ: لە کاتێکدا کە کۆمەلگە ژنان بە هاووڵاتی پلە دوو دابنێ، کەواتە دبێت پاسەوانێکی وەک باب، برا و مێردی هەبێت کە بتوانن پارێزگاریان لێ بکەن و لە رێ لانەدەن و ناموسیان بپارێزن کە دواتر ئەم پاراستنی ناموسە بە کوشتنی ژنەکە پەیوەست کراوە و بە رشتنی خوێنی ژنان، ناموس بۆ بنەماڵەکە دەگەرێتەوە.

لە درێژەدا ئەوەشی خستەروو، ژن دەکوژرێ چونکە بە دڵی خۆی هاوسەری هەڵبژاردوە ، ژن دەکوژن چونکە نەچووەتە ژێر باری هاوسەرگیری بە زۆری، ژن لە ناودەبرێ چونکە تەڵاقی لەو پیاوە وەرگرتوە کە بەردەوام ئەشکەنجەی داوە و لێدان نانی هەمشیەیی بووە. ژن زۆر بە ئاسانی لە ناودەبرێ چونکە گوێرایەڵ نییە و وەک ئینسانیکی ئازاد بیر دەکاتەوە و بە هەمان شیوەش رەفتار دەکا. ئەوانە هەموو هۆکارن کە پیاوان بە لادان لە نۆرمەکانی کۆمەلگەی دادەنین و دەیکەن بە بیانوو بۆ کوشتنی ژنان.

هەروەها نەبوونی یاسای تایبەت بە سزادانی توند بۆ ئەو کەسانە، رێگەی خۆش کردووە کە پیاوانی کۆمەلگە زیاتر دەست بۆ ئەم کار قێزەونە بەرن و لەگەڵ بۆنکردنێک بۆ ئەوەی ناموسیان لەکەدار بووە، ئاسان ژیانی ئەو ژنانە دەکەنە قوربانی فیشەکێک یان چەقۆیەک، یان هەوالسینێک یان...

کەوابوو کۆمەلگەیەکی دیموکراسی ئەم دەرفەتانە دەڕەخسێنێت کە ژنان بتوانن ئاستی هۆشیاریی خۆیان لە هەموو بوارەکاندا ببەنە سەرێ و لەم بەستەری دیموکراسییەدا لە خەبات بۆ گەیشتن بە مافی یەکسانی ژن و پیاو بەردەوام بن.
بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری کوردپا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ١٧ ژن لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بە هۆکاری جیاجیا بەدەستی کەس و کاری نزیکی خۆیان گیانیان لێ ئەستێندراوە.

ئەو ئامارە رێژەییە و بەپشت بەستن بە ئاماری کوردپا بڵاو دەکرێتەوە، بێگومان ئاماری راستەقینە دەکرێ لەو رێژەیەش زیاتر بێت.

ژنێک لە سەوڵاوا ئاگری لەجەستەی خۆی بەردا

\"10942.jpg\"
رێکەوتی ١١ی رێبەندان کچێکی لاو لە ناوچەی ژاوەرۆی دەستی دایە خۆ کوژی و ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا.

ئەو کچە تەمەنی ٢٣ ساڵ و دانیشتووی گوندی \"بێساران\"ی سەربە شاری سەوڵاوا بووە، کە پاش ئەوەی لەلایەن کەسێکی خۆجێی سەرەبە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەستدرێژی جنسی کراوەتە سەر، ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە.

ئەو کچە کە هەتا ئێستا ناسنامەکەی رانەگەیەندراوە، بەهۆی کاریگەر بوونی برینەکانییەوە بارودۆخی تەندروستی نالەبارە.

ئێــــــــــــــــــــــــران
ئازاد کرانی \"فریشتە شیرازی\" دوای ١٧ مانگ زیندانی

\"10945.jpg\"
فریشتە شیرازی یەکێک لە چالاکانی مافەکانی ژنان پاش ١٧ مانگ راگیران لە زیندانی \"ئامول\" ئازاد کرا.

ناوبراو یەکیک لە ئەندامانی کەمپەینی ١ میلیۆن واژۆ بۆ بەرابەری ژن و پیاو بوو کە رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٢ی خەرمانان پاش بانگهێشت کران بۆ ئیدارەی ئیتلاعات ئامول دەستبەسەر و بۆ زیندانی ئەو شارە راگوێزرا.

دادگای شۆرشی شاری ئامول ئەو چالاکە ژنەی بە تاوانی پڕوپاگەندە بە دژی نیزام و بێ حورمەتی کردن بە بەرپرسانی حکوومەتی بە ١ ساڵ زیندانی تەعزیری و هەروەها بە تۆمەتی بڵاو کردنەوەی \"درۆ و شتی بێ‌بنەما\" بە ٢ ساڵ زیندان مەحکووم کرا و دواتریش ئەو حوکمە لە مانگی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی لەلایەن دادگای پێداچوونەوەوە پژڕاست کرایەوە.

فریشتە شیرازی پێشتریش لە ساڵی ١٣٨٨ دا بۆ دەفتەری بەدواداچوون و ئیتلاعاتی ئامول بانگهێشت و لێپرسینەوەی لێکرابوو.

ئیدارەی ئیتلاعات رێگری لە چارەسەریی پزیشکی زیندانییەکی بەهایی کرد

\"10946.jpg\"
رۆزیتا واسقی زیندانیی پەیڕەوی ئایینی بەهایی لەلایەن بەرپرسانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە ئیزنی مەرەخەسی پێنەدرا.

رۆزیتا واسقی کە بە تاوانی پڕوپاگەندە بۆ ئایینی بەهایی دەستبەسەر و بە ٥ ساڵ زیندان حوکم دراوە، هەنووکە لە زیندانی وەکیل ئابادی مەشهەد ماوەی حوکمەکەی تێپەڕ دەکات.

دوابەدوای ٣ مانگ کێشانی ئێش و ئازاری ددان، ئیزن بە پزیشکی پسپۆڕ درا کە چارەسەریی بۆ ئەنجام بدات.

دادوەری تاوانی رۆزیتای وەک تاوانیکی تایبەت پێناسە کردبوو و رایگەیاندبوو، پێویستە زیاتر لە نیوەی حوکمەکەی لە زیندان تێپەڕ بکات و ئەگەر بە پێویست زانرا، دەکری ئیزنی مەرەخەسی پی بدرێت.

ئەوە لە کاتیک دایە ٣ ساڵ و ٦ مانگ لە حوکمەکەی تێپەڕاندووە کە سەرجەم حوکمەکەی ٦ ساڵ زیندانیی تەعزیرییە.

رۆزیتا واسقی رەشەممەی ساڵی ١٣٨٨ لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر و ماوەی ١٩٢ رۆژ لە سلوولی تاکەکەسیدا راگیرابوو.

بەردەوامیی هەڵاواردنی لە هەمبەر ژنانی ئێرانیدا

\"10943.jpeg\"
لە یاساکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا بەردەوام هەڵاواردن لە هەمبەر ژناندا دەکریت و تەنانەت لە کاتی ونبوونی باوکدا مافی پاراستن و ئامۆژگاری کردن نادرێ بە دایک.

تاهیرە رەحیمی کارناسی باڵای مافی ژنان لە ئیسلامدا و ئەندامی شۆرای ناوەندیی کۆمەڵگەی ژنان لەو پەیوەندییەدا رایگەیاند: پیویستە یاساکانی پەیوەندیدار بە ژانن ئاڵوگۆڕی بەسەردا بێت چونکە لە کاتی ونبوونی باوکدا مافی سەرپەرستی و پاراستنی منداڵ نادری بە دایک و ئەمە لە خۆیدا کیشە بۆ منداڵان و دایکان دروست دەکات.

ئەو کارناسە لە درێژەی قسەکانیدا یاساکانی پەیوەندیداری بە ژنان ناقیس وەسف کرد و رایگەیاند: بەداخەوە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا کەمتر ئاور لە پرسەکانی ژنانی سەرپەرستی بنەماڵە دراوەتەوە و یاساکان لەو پەیوەندییەدا کامڵ و تەواو نین. ئەوەش لە کاتێک دایە کە زۆرێک لە پیاوان ژن و منداڵەکانی خۆیان بە بێ دانی نەفەقە جێ دەهێڵن و بەبێ ئەوەی روون بێت کە ئایا لە ناوخۆ یان دەرەوەی وڵات دەژین.

ئەو ئەندامەی شۆرای ناوەندیی ژنان ئەوەشی خستەڕوو، بۆ ژنانی سەرپەرستی بنەماڵە وێرای پیاوان سەیر دەکرین و هیچ ماف و مەزایایەکی تایبەتییان بۆ لەبەر چاو ناگیردرێت.

گیرۆدەبوونی ژنان بە مادەی هۆشبەر ٢٠% زیادی کردووە

\"10944.jpg\"
بە زیادبوونی رێژەی ٢٠% ژنانی گیرۆدە بە مادەی هۆشبەر ئەو رێژەیە ٣٥% زیادبوونی بەخۆیەوە بینیوە و تەمەنی تووشبوون بە مادەی هۆشبەر بۆ ١٣ ساڵ دابەزیوە.

\"ئیبراهیم رەفیعی\" دەروونناس و راوێژکاری ئەو بوارە رایگەیاند: رێژەی گیرۆدەبوونی ژنان بە مادەی هۆشبەر ٣٥% زیادبوونی بە خۆیەوە بینیوە و هۆکاری زیادبوونیشی بۆ هەبوونی کاناڵە ماهوارەیی و ماڵپەڕە ئینتێرنێتییەکان، کێشە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان گەڕاندەوە.

ئەو ئەندامەی ئەکادیمیای پزیشکانی دەرووناسی لە ئامریکا ئەوەشی خستۆتەڕوو، رێژەی گیرۆدەبوونی تاکەکانی هەر کۆمەڵگەیەک پەیوەندی بە ئاستی شادمانی و نارەحەتیی ئەو کۆمەڵگەیەوە هەیە.

ئیبراهیم رەفیعی باسی لەوەش کرد، هاوکات لەگەڵ ئەوەیکە تەمەنی گیرۆدەبوان بۆ ١٣ ساڵ دابەزیوە، ئەو دیاردەیە پەلی بۆ ناو قوتابیانی پۆلەکانی ناوەندی و دواناوەندیش کێشاوە.

سەرچاوەکان: ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەهرزادنیوز، هەواڵدەریی مافی مرۆڤی ئێران، ئاڵوگۆر بەمەبەستی بەرابەریی ژن و پیاو، پەیام