بەردەوامیی ئەستاندنی پارە لە قوتابییان

15:07 - 22 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسانی قوتابخانەکانی بۆکان بە بیانووی جۆراوجۆر بەڕە پارەیەکی بەرچاو لە سەرجەم قوتابییانی ئەو شارە وەردەگرن.

بەپێێ هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەرپرسانی قوتابخانەکانی شاری بۆکان بە قوتابییانیان راگەیاندووە کە پاش پشووی نەورۆز دەبێ بڕی ١٠ هەتا ١٠٠ هەزار تمەن لەگەڵ خۆیان بۆ قوتابخانەکان بەرن.

بنەماڵەی ئەو قوتابییانە رایانگەیاندووە کە ئەستاندنی ئە پارەیە لە کاتێک دایە کەلە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا چەندین جار بە بیانووی جۆراوجۆرەوە داوا لە قوتابییان کراوە کە بڕێکی بەرچاو پارە بە قوتابخانە و ئیدارەی پەروەردە بدەن.

لەلایەکی دیکەوە چەند رۆژ پێش ئێستا بەرپرسانی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شاری مەریوان ٤٠ کچە قوتابیی قوتابخانەی دواناوەندیی \"فاتمەی زەهرا\"ی ئەو شارەی بەهۆی نەدانی پارە بە قوتابخانەکەیان، لە خوێندن بێبەری کردبوو.

پێشتریش بەرپرسانی قوتابخانەکان لە خوێندنگەکانی ورمێ‌، سایین قەڵا، سەقز، مەریوان و بانە بە بڕیاری ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان و بە بیانووی دابین کردنی سووتەمەنی، خواردەمەنی، کەلوپەل بۆ قوتابخانەکان پارەیان لە منداڵان وەرگرتبوو.