بەردەوامیی زەختی هێزە ئیتلاعاتییەکان بۆسەر بنەماڵەی چالاکانی سیاسیی کورد

20:57 - 22 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: بنەماڵەی چالاکێکی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری شنۆ، بەرەوڕووی هەڕەشەی هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بوونەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە بەیانیی ئەمڕۆ سێ‌شەممە هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بۆ چەندەمین جار هێرشیان کردۆتە سەر بنەماڵەی \"ناجی پەیغامی\" چالاکی سیاسیی دانیشتووی دەرەوەی وڵات و هەڕەشەی دەستبەسەری و زیندانی کردنیان لە بنەماڵەی ناوبراو کردووە.

حوسێن پەیغامی باوکی ئەو چالاکە سیاسییە هەتا ئێستا چەندین جار لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە بانگهێشت و لەمەڕ چالاکیی کوڕەکەی لێپرسینەوە و هەڕەشەی لێ کراوە.

ناجی پەیغامی پێشتر لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر و بە تاوانی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان، ماوەی ١ ساڵ لە زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا بوو و پاش ئازاد بوون بەهۆی گوشاری هێزە ئەمنیەکانەوە بەناچاری وڵاتی بەجێهێشت.