بەربوونەوە لە بەرزایی، کۆڵبەرێکی بانەیی کردە قوربانی

15:41 - 8 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی شاری بانە، بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایییەکانی سنووری ئەو شارە بە توندی بریندار بوو و ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی چوارشەممە ٧ی سەرماوەز، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"سەعدوڵلا شەریفزادە\" خەڵکی گۆندی \"نەمشیر\"ی شاری بانە، بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی، بە توندی بریندار بوو.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو کۆڵبەرە کوردە، لە شوێنێک بە ناوی \"زلە\" تووشی ئەو ڕووداوە بووە.

ئەو سەرچاوەیە دەڵێت: پاش گواستنەوەی ئەو کۆڵبەرە کوردە بۆ نەخۆشخانە، هێزێکی زۆر لە هێزە ئینتزامییەکان ڕژاونەتەوە نەخۆشخانە و ئیزنی چوونە لای ئەو کۆڵبەرە کوردە بە کەس نادەن.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی سەرماوەز، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"هادی سەلیمی\"، تەمەن ٣٠ ساڵ کوڕی ئەحمەد، بە هۆی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی، جێگیر لە پایگای \"ماڵتە\"ی شاری بانە، گیانی لە دەست دا.

لەو ڕووداوە دوو کۆڵبەری دیکە بریندار بوون و بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری بانە کراوە و شوناسی یەکێک لە برینداربووەکان بە ناوی یادگار سەلیمی ئاموزای هادی سەلیمی ڕاگەیەندراوە.