بە هۆی تەقینەوەی نارنجەکێک، لاوێکی بەلووچ گیانی لە دەست دا

15:45 - 8 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی تەقینەوەی نارنجەکێک، لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان. جووتیارێکی بەلووچی گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، شەوی ڕابردوو، جووتیارێکی بەلووچی بە هۆی تەقینەوەی نارنجەکێک، گیانی لە دەست دا.

ئەو ڕووداوە لە نزیک گوندی \"دەرگی\"ـی شاری زابۆل ڕووی داوە و بوو بە هۆی کوژرانی ئەو لاوە تەمەن ٢٠ ساڵەیە.

فەرمانداری شاری زابۆل ڕایگەیاند: \"ئەو لاوە لەگەڵ باوکی لە ناو زەوییەکانی خۆیاندا خەریکی کاری کشتوکاڵی بوونه کە ئەو نارنجەکەیان پەیدا کردووە و پاش تەقینەوەی ئەو نارنجەکە، ئەو لاوە هەر دوو دەستی لەو ڕووداوەدا لە دەست داوە و دواتر بە هۆی خوێنڕیژی زۆرەوە گیانی لە دەست داوە\".

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە شوناسی ئەوە لاوە بەلووچیە ڕانەگەیەندراوە.

بەپێی ئامارەکان، ٦ میلیۆن هێکتار لە خاکی ئێران بە مین چێندراوە کە دەکاتە زیاتر لە ٢٠ میلیۆن مین لە سەرتاسەری خاکی ئێران و پارێزگای سیاستان و بلوچستانیش بێبری نەبووە لە چاندنی مین و کەرەستە تەقینەوەکان.