بێکاریی ٥٠٠ هەزار ئەندازیاری بیناسازی لە ئێراندا

14:41 - 27 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: نزیکەی ٥٠٠ هەزار ئەندازیاری بیناسازی لە ئێراندا کە ئەندامی ڕێکخراوی نیزامی ئەندازیارین، بێکارن.

هەواڵدەریی \"تەنسیم\" نزیک لە سپای پاسداران لە زاری جێگیری وەزیری ڕێگا و شارسازی بڵاوی کردەوە، کە نزیکەی ٥٠٠ هەزار ئەندازیار لە ئێراندا بێکارن و فەرمانبەرانی دەوڵەتی بە نیسبەت خەدەماتی ئەندازیاریی وەکوو پیشەی دووهەم چاوی لێ دەکەن.

حامید مەزاهریان ڕایگەیاند: کار و پیشە گرینگترین باسی دەوڵەت و جێی گرینگیدانە و فەرمانبەرانی دەوڵەتی بە نیسبەت خەدەماتی دەوڵەتی وەکوو پیشەی دووهەم چاوی لێ دەکەن و ئەمە لە کاتێکدایە، کە خەدەماتی دەوڵەتی لە بەردەستی ئەندازیارانی بیناسازی ئێراندایە.

بە وتەی ئەو بەرپرسە حکوومەتییە، هەنووکە زیاتر لە ٥٠٠ هەزار ئەندازیار، کە ئەندامی ڕێکخراوەکانن لە دەست بێکاری ڕەنج دەبینن.

لە کاتێکدا کە زۆرترین کار لە بیاڤی خانووبەرەدایە، بە هۆی مەندیبوونی بەشی خانووبەرە و ناشیاوبوونی بازاڕی بیناسازی، زۆربەی ئەندازیاران لەگەڵ کێشەی جیددی بەرەوڕوو بوونەتەوە و لە کاتێکدا دەبێت نیزامی ئەندازیاری لە باشتر کردنی ئەو بارودۆخە ڕێگایەک بدۆزێتەوە.