بێکاربوونی ٣٠٠ هەتا ٤٠٠ کرێکاری بەنداوی "کانی سێوی" پیرانشار

12:19 - 27 خەرمانان 2719

ئاژانسی کوردپا: بەهۆی ڕاگیرانی پرۆژەی بەنداوی "کانی سێویـ"ـی شاری پیرانشار، ٣٠٠ هەتا ٤٠٠ کرێکار بێکار بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە، ٢٦ی خەرمانان، کرێکارانی بەنداوی کانی سێوی شاری پیرانشار، بەهۆی ڕاگیرانی ئەو پرۆژەیە، هەتا کاتی دیاریکراو، بێکار بوون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار، هۆکاری ڕاگیرانی ئەو پرۆژەیەی بۆ نەبوونی پارەی کرێکاران گەڕاندەوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتی: "ئەو کرێکارانە چەندین جار بەهۆی پێنەدانی پارەی دواکەوتوو لە لایەن بەڕێوەبەرانی ئەو پرۆژەیەوە، ناڕەزایەتییان دەربڕیبوو و هەروەها بەڕێوەبەرانی پرۆژەی بەنداوی کانی سێو، بە بیانووی جۆراجۆر، دانی پارەیان بەو کرێکارانە دوادەخست".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی بۆ ئاژانسی کوردپا خستەڕوو کە ئەو بەنداوە ٣٠٠ هەتا ٤٠٠ کرێکاری هەبووە و هەنووکە ئەو کرێکارانە بێکارن و بەشێکی زۆری ئەو کرێکارانە، کرێکاری وەرزین.