بێڕێزیی بەسیجانی زانکۆی کوردستان، دژکردەوەی خوێندکارانی کوردی لێکەوتەوە

16:13 - 5 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: بێڕێزییەکانی بەرپەرسی بەسیجی خوێندکاریی زانکۆی کوردستان بە فەرهەنگ و جلوبەرگی کوردی، دژکردەوەی توندی خوێندکارانی کوردی لێکەوتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا، ڕۆژی شەممە، ٤ی جۆزەردان، خوێندکارانی کورد لە زانکۆی کوردستان لە هەمبەر بێڕیزیی \"سەید عینایەت جوویبار\"، بەرپرسی بەسیجی خوێندکاریی ئەو زانکۆیە، بە فەرهەنگ و جلوبەرگی کوردی، بە لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردی لە پۆلەکاندا ئامادە بوون.

خوێندکارانی زانکۆی کوردستان، خوازیاری بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە لە لایەن بەرپرسانی پەیوەندییەداری زانکۆوە بوون.

هەروەها خوێندکارانی زانکۆی کوردستان لەم پەیوەندییەدا، بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و داوایان کردووە کە ڕێز لە تەواوی فەرهەنگەکان، نەتەوەکان و زمانەکان بگیرێت.

لەم بەیاننامەی خوێندکاراندا هاتووە: \"ئێمە خوێندکارانی زانکۆی کوردستان، خوازیاری ڕێزگرتن لە هەموو گەلەکان، فەرهەنگەکان و زمانەکانی دونیاین و وەکوو ئەرکی ئەخلاقی و مرۆییمان، بە هیچ کەس و گرووپێکی یەکپارچەخواز ئیجازە نادەین کە مافی هیچ مرۆڤێک پێشێل بکات.\"

هەروەها لە بەشێکی تری ئەم بەیاننامەیەدا هاتووە: \"هەموومان ئاواتمانە کە لە وڵاتێکدا بژین کە خەڵکەکەی نە بە میلییەتەکەیان، بەڵکوو بە کەسایەتییەکەیان، هەڵسەنگێنرێن.\"

\"سەید عەنایەت جوویبار\"، بەرپرسی بەسیجی خوێندکاریی زانکۆی کوردستان لە وتووژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی خوێندکاران، بە بێڕێزی کردن بە فەرهەنگ و جلوبەرگی کوردی، ڕایگەیاندبوو: \"ئێمە شایەتی مانۆڕی هەندێک کەس بە جلوبەرگی گرووپە جینایەتکار و دژبەرەکان لە ئاستی زانکۆداین و دەبێت ئەم کەسانە دەسبەسەر بکرێن.\"

ئەم بێڕێزییانەی بەرپرسی بەسیجی خوێندکاریی زانکۆی کوردستان، لەگەڵ دژکردەوەی توندی خوێندکارانی زانکۆی کوردستان ڕووبەڕوو بووەتەوە.