بێڕێزی کردن بە چالاکێکی مافەکانی مرۆڤ لە کۆبوونەوەی هەڵگرتنەوەی مین لە شاری بروکسێل

16:19 - 13 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی مافی مرۆیی خەڵکی ئەهواز لە کاتی پیشاندانی فیلمی هەڵگرتنەوەی مین لە پارێزگاکانی ئیلام، سنە و ئەهواز لە شاری بروکسێل پێتەختی وڵاتی بێلژیک، لەگەڵ بێڕێزی دەستوپەیوەندییەکانی حکوومەتی ئێران لەو شارە بەرەوڕوو بوویەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٢ی بانەمەڕ، \"شیما سێڵاوی\"، چالاکی مافەکانی مرۆڤ خەڵکی ئەهواز لە کاتی ئێکرانی فیلمی هەڵگرتنەوەی مینە بە جێماوەکانی شەڕی ئێران و عێراق، پاش تەواو بوونی ئەو فیلمە و لێدوانی بۆ بەشداربووان، لەلایەن دەستوپەیوەندییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە بێڕێزی پێکرا.

پیشاندنی ئەو فیلمە بەبەشداری ژمارەیەک لە نوێنەرانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجام درا.

شیما سێڵاوی، پاش ئێکرانی فیلمەکە، چەند لێدوانێکی سەبارەت بە دۆخی هەنوکەیی قوربانیانی مین و بارودۆخی هەڵگرتنەوەی مین لە پارێزگاکانی ئیلام، سنە و ئەهواز و ناکارامەیی بەرپرسانی حکوومەتی لە هەڵگرتنەوەی مینە بەجێماوەکان بۆ بەشداربوون دەدوا، پاش تەواو بوونی قسەکانی، لەلایەن دەستوپەیوەندییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە، بێڕێزی پێکرا.

پاش ئەم بێڕیزیییە بەو ژنە چالاکە مافی مرۆییە، ئەو کەسە خۆی بە مەئموورانی حیفازەت ئیتلاعات باڵوێزخانەی ئێران لە شاری بروکسێل دەناسێنێت.