بیرکارێکی کورد بەناوبانگترین خەڵاتی بیرکاریی جیهانی بە دەست هێنا

22:12 - 10 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: بیرکارێکی کورد خەڵکی شاری مەریوان و دانیشتووی وڵاتی بریتانیا میداڵی بیرکاریی \"فیلدز\"ی بە دەست ‌هێنا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پرۆفسۆر \"فەرەیدوون درخشانی\"، یەکێک لە مامۆستایانی لاو لە زانکۆی کەمبریج لە وڵاتی بریتانیا توانی میداڵی \"فیلدز\"، بە ناوبانگترین خەڵاتی جیهان لە بەشی بیرکاریدا بە دەست بێنێت.

میداڵی فیلدز لە ساڵی ١٩٣٦ زایینی هەتا ئێستا لە لایەن دامەزراوەی فیلدز لە شاری تۆرنتۆ هەر چوار ساڵ جارێک بە دوو کەس هەتا چوار توێژەری ژێر تەمەن ٤٠ ساڵ کە لە بەشی بیرکاری لە جیهاندا کار دەکەن، دەرێت.

فەرەیدوون درەخشانی(کۆچەر بیرکار) خەڵاتی ٢٠١٦ی ئەنجومەنی بیرکاریی ئامریکای ،وێڕای ٣ بیرکارزانی دیکە پێشکەش کراوە.

ئەو خەڵاتە هەر دوو ساڵ جارێک بەو کەسانە دەدرێت کە لە بیاڤی بیرکاریدا توێژینەوە دەکەن.

کۆچەر بیرکار ساڵی ١٣٥٧ هەتاوی لە گوندی \"نێ\"ی سەربە شاری مەریوان چاوی بە دنیا هەڵێناوە و بڕوانامەی کارناسی لە زانستگەی تاران وەرگرتووە.
ناوبراو قوناغی دوکتورای لە زانستگەی ناتینگهام لە بریتانیا تەواو کردووە و لە ساڵی ١٣٨٥وە وەک پرۆفسۆری بیرکاری لە زانستگەی کەمبریج دەستبەکار بووە.

ئەو لاوە کوردە تا ئێستا لە ٢٠ وڵاتی جیهان، کۆبوونەوەی لەسەر دوایین دەسکەوتەکانی بیرکاری گرتووە.